سەردێڕ:

میسر: بەلەمێکی کۆچبەرانمان رزگارکرد

فۆتۆ: 
2020-10-23

4477 جار خوێندراوەتەوە

هێزى دەریاوانى میسر رایگەیاند، هێزەکانیان بەلەمێکى گواستنەوەى کۆچبەرانیان لە دەریاى ناوەڕاست رزگارکردووە کە ئاڵاى تورکیاى هەڵگرتووە و چەندین هاوڵاتى کورد و عێراقیشى لەسەربووە.

لە راگەیەنراوێکدا هێزى دەریاوانى میسر بڵاویکردووە، ٥٧ سەرنشین لەسەر بەلەمە تورکیەکە بوون کە بریتیبوون لە ٤٨ پیاو و شەش ژن و سێ منداڵ، ٣١ کەسیان هاوڵاتى عێراقى بوون کە بەشێکیان کوردن لەگەڵ ٢٣ هاوڵاتى ئێرانى و دوو هاوڵاتى تورک کە کاپتنى بەلەمەکە بوون لەگەڵ یەک هاوڵاتى میسرى.

باس لەوەشکراوە، بەلەمە تورکییەکە لە دوورى ٢٧٠ کیلۆمەترەوە لە شارى سیدى بارانی کەنار دەریاوە بووە، پاش ئەوەى بەلەمەکە بەهۆى کێشەى تەکنیکییەوە داواى هاوکاریکردووە، هێزەکانیان کەشتییەکانی بۆ شوێنی بەلەمە تورکییەکە لە دەریادا دەرکردووە و سەرجەم سەرنشینەکانیان رزگارکردووە بەلەمەکەشیان بۆ شارى جەرجوبى میسر گواستووەتەوە.

ئەوەش هاتووە، لە کاتى گەیشتنیان بە میسر سەرنشینەکان هاوکارى تەندروستى و کارگێڕییان پێشکەشکراوە.

دەریاى ناوەڕاست بە یەکێک لە رێگەکانى گەیشتنی کۆچبەران بە ئەوروپا دادەنرێت و ساڵانەش چەندین رووداوى نقومبوونى بەلەمەکانى گواستنەوەى کۆچبەران روودەدەن و تێیدا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر گیانیان لەدەستدەدەن.