سەردێڕ:

ئەرمینیا: ئازربایجان جارێکی تر ئاگربەستی پێشێلکردووەتەوە

فۆتۆ: 
2020-10-18

991 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی جارێکی تر ئاگربەست لەنێوان ئەرمینیا و ئازربایجان راگەیەنرا، یەریڤان باسی لەوەکرد، باکۆ بە بەردەوامیدان بە تۆپباران و بۆردومانەکانی ئەو ئاگربەستەی پێشێل کردووە.

بە نێوبژیوانی روسیا بڕیاربوو لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی ئاگربەست لە نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان رابگەیەنرێت.

لەو بارەوە وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاندووە، ئازربایجان تەنها چوار خولەک دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکە دەستی بە تۆپباران و موشەکباران کردووەتەوە. تائێستا ئازربایجان لەبارەی ئەو تۆمەتەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.

هەفتەی رابردوو سەرباری رێکەوتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازربایجان لە مۆسکۆ لەسەر راگرتنی شەڕ، بەڵام پێکدادانەکان لە نێوانیان بەشێوەیەکی توند بەردەوام بوون و رۆژی شەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا داوای لە هاوتا ئەرمەنی و ئازەرییەکەی کرد دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ رێکەوتنی پێشووی ئاگربەست.

لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو شەڕ لەنێوان ئەرمینیا و ئازربایجان لە ناوچەی ناگورنۆ قەرەباغ دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون.

لەدوای شەڕی شەش ساڵەی نێوان ئەرمینیا و ئازربایجان لە قەرەباغ کە ساڵی ١٩٩٤ بە واژۆکردنی ئاگربەست کۆتایی هات، پێکدادانی توندترین رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.