سەردێڕ:

'بەکارهێنانی ماسک لە کۆریای باکور گومانی لای شارەزایان دروستکردووە'

فۆتۆ: 
2020-10-18

3505 جار خوێندراوەتەوە

بە هەزاران خەڵک لە کۆریای باکور لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا بۆ پشتیوانیکردنی دەسەڵات، لە پیۆنگ یانگی پایتەخت، دەمامکیان بەستووە، هاوکات، بەستنی دەمامکیش پرسیاری لای شارەزایان دروستکردووە لەسەر دۆخی تەندروستی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە یادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کۆریای باکور و نمایشێکی سەربازی گەورەدا هیچ کەس ماسکی نەپۆشیبوو، بەڵام لە 'هەڵمەتی هەشتا رۆژە'ی جەماوەریدا بەشداربووان لە خەڵکی مەدەنی و سەربازیش ماسکیان پۆشیوە.

ئەم لێکدژیەی لەو وڵاتە روویداوە بووەتە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرانەوە لەبارەی دۆخی تەندروستی کۆریای باکور، لەکاتێکدا کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە لە وتاری ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیدا رایگەیاند، لە ئێستادا و لە وڵاتەکەیدا هیچ کەسێک نییە توشی کۆرۆنا بووبێت و سوپاسی هاونیشتمانیانی کرد لەسەر پاراستنی تەندروستیان.

بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابوری وڵاتەکەی، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکور 'هەڵمەتی هەشتا رۆژ'ی راگەیاند، کە پێویستە لەسەر هەر هاوڵاتییەک چەند کاتژمێرێکی زیادە کاربکەن لەپێناو بوژانەوەی ئابوری وڵات.

لە کانونی دووەمی ئەمساڵەوە کۆریای باکور بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین سنورەکانی بەڕووی جیهاندا داخست، بەمەش دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە بەرەو خراپتر چوو، کە لەبنەڕەتدا بەهۆی سزا ئابورییە نێودەوڵەتییەکان و کارەساتە سروشتیەکانەوە زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.