سەردێڕ:

عێراق پێدانی قەرزی بە هاوڵاتیان راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-10-18

25533 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کاری عێراق پێشکەشکردنی داواکاری بۆ قەرزی بچوک راگەیاند و دەڵێت، پێشکەشکردنی داواکاری لە رێگای ماڵپەری فەرمی وەزارەتەکەوە دەبێت، هاوکات، بانکی رەشیدیش پێدانی پێشینەی بە مامۆستایان و وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان راگەیاند.

عادل ریکەبی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، وەزارەتەکەیان دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ قەرزی بچوک راگەیاندووە، دەشڵێت، لە رۆژی ١٩ی ئەم مانگەوە تا ٩ی مانگی داهاتوو، هاوڵاتیان لە شارەکانی عێراقدا دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی پێشینەکە پێشکەشبکەن.

باسی لەوەشکردووە، پێشکەشکردنی داواکاری لە رێگای ماڵپەری فەرمی وەزارەتی کاری عێراقەوە دەبێت و پێویستە لەکاتژمێرەکانی کارکردنی فەرمی وەزارەتدا بێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، بانکی رەشیدی عێراق پێدانی پێشینەی بە مامۆستایان و وانەبێژانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان راگەیاندووە و لە وردەکارییەکەشیدا هاتووە، ئەگەر پێشینەکە ١٥ ملیۆن دینار بێت ئەوا پێویست بە بریکار (کەفیل) ناکات و ئەگەر ٢٥ ملیۆن دینار بێت ئەوا پێویستە ئەو کەسەی پێشینەکە وەردەگرێت بریکاری هەبێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، دانەوەی پێشینەکە لە ماوەی ٥ ساڵدا دەبێت و پێویستە ئەو کەسەی وەریدەگرێت خزمەتی ساڵێک زیاتری هەبێت.

ئەويش دوای ئەوەدێت، لەماوەی رابردووشدا، بانکی رەشید رایگەیاندبوو، بە چەند مەرجێک بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک قەرز دەداتە ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان کۆچی دوایی کردووە یان ئەو ژنانەی کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە.