سەردێڕ:

بڕی ١٠ ملیار دینار بۆ رێگا و بانی کۆیە تەرخانکرا

فۆتۆ: 
2020-10-18

13072 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی ١٠ ملیار دیناری بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە – کەلکە سماق تەرخانکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی ١٠ ملیار دیناری بۆ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە – کەلکە سماق تەرخانکردووە، باسی لەوەشكرد، نزیکەی ٪٥٠ پڕۆژەکان ئەنجامدراون ‏و پێش وەرزی زستان تەواو دەکرێن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە لەبارەی پڕۆژەکەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆژەکە کۆمەڵێک بڕگە لەخۆدەگرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ١٣ پێگە و شوێن کە قیرتاو و تێکەڵەرێژ دەکرێن و بریتین لە، چاککردنەوەی رێگای تەق تەق، چاککردنەوەی رێگای لۆفەکانی کەلکەسماق، چاککردنەوەی رێگای سێگردکان، قیرتاوکردنی رێگای گوندی قۆریتان، قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی کڵێسا و بۆگد و تێکەڵەرێژکردنی چەند رێگایەک و کۆمەڵێک پڕۆژەی تر."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردووشدا، ژمارەیەک پڕۆژە لە سلێمانی و دهۆک بە گوژمەی جیاواز کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.