سەردێڕ:

ترەمپ ماکرۆنی بە سەرۆکی فەڕەنسا ناو نەبرد

فۆتۆ: 
2020-10-18

8462 جار خوێندراوەتەوە

لەناو ئاپۆڕای لایەنگرەکانیدا و لەوکاتەی باسی دەستکەوتەکانی چوار ساڵی رابردووی بۆ دەکردن، سەرۆکی ئەمریکا لە جیاتی سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆنی بە سەرۆکوەزیران ناوبرد.

شەوی رابردوو بە کاتی کوردستان و دوانیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەناو لایەنگرەکانیدا لە ویلایەتی میشیگان باسی لە دەستکەوتەکانی ئەو چوار ساڵەی رابردووی خۆی دەکرد و تێیدا وتی، "لەبەر بەرژەوەندی وڵاتەکەم لە رێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک و هاوکات لە رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوای پاریسیش کشامەوە".

لە بەشێکی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "دەزانن چی ترم وەستاند؟ رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوای پاریس. خۆ من کەیفم بە ماکرۆنی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا دێت، بەڵام پرسیارم لێکرد ئیشەکانی رێککەوتنەکە چۆن بەڕێوەدەچن؟ باش بەڕێوەناچن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ گاڵتەی بە جۆ بایدنی رکابەری کرد بۆ کورسی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەوەی کە پیر بووە و ناتوانێت بە باشی بە رێگادا بڕوات، هەربۆیە چاودێران دەڵێن، "یادەوەری ترەمپیش پیربووە".