سەردێڕ:

تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان دەیان کوژراو و سەدان برینداری لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-10-18

2045 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نزیک بنکەی پۆلیسی شاری فیروزکوە لە ویلایەتی غور، ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لە راگەیاندراوێکیدا ئاماژەیدا بە گیان لەدەستدانی ١٢ کەس و برینداربوونی ١٠٠ کەسی دیکە لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێک لە جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا.

راشیگەیاند، "کاتژمێر ١١ بەیانی لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس و چەند نوسینگەیەکی حکومی  بۆ کاروباری ژنان و شەهیدان و کەمئەندامان تەقینەوەکە روویداوە".

وەحیدوڵڵا نیزامی بەڕێوەبەری پۆلیسی ویلایەتی غور رایگەیاند،  هێزەکانی پۆلیس زیانێکی کەمیان بەرکەوتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان لە گفتوگۆدایە و تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێکیش بەرپرسیارێتی کردەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.