سەردێڕ:

وادەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران کۆتاییهات

فۆتۆ: 
2020-10-18

3422 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ کارکردن بە یاسای قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی کلاسیکی بە ئێران لەسەر ئاستی نێودەڵەتی کۆتایی پێهات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وڵاتە رایگەیاند، بۆ بەرگریکردن لە خۆی تەنیا پشت بە خۆی دەبەستێت و هیچ بە پێویستی نازانێت چەک بکڕێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەپێی رێککەوتنی نێودەوڵەتی ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٠٧ لەبارەی قەدەغەکردنی چەکی کلاسیکی بەسەر ئێرانیدا سەپاند، لادەچێت.

هاوکات، بەهۆی دڵنیانەبوونی وڵاتانی جیهان لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و لە ئەگەری دەستگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ئەتۆمی، ساڵی ٢٠١٥ رێککەوتنی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و ئێران واژۆکرا.

بەگوێرەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی، چەکەکانی ئێران تانکی بەریتانی و هەلیکۆپتەری ئەمریکاشی تێدایە، کە خۆرئاوا ئێستا لە مۆزەخانەکاندا هەڵیگرتوون. سەرەڕای ئەوەی یەک لەسەر سێی چەکی ئێران بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراق لەدەستداوە.

 بەگوێرەی گۆڤارەکە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی کارکردن بە یاساکە، ئێران دەتوانێت دەستبکاتەوە بەکڕینی چەک لەوڵاتانی جیهان.

بەگوێرەی رادیۆ فەردای نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لە رووی تیۆرییەوە، ئێران دەتوانێت چەکی کلاسیکی وەک تانک و فڕۆکەی جەنگی و سیستمی موشەکی بکڕێت، بەڵام  سزا ئابورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە رێخۆشکەر نین لە ئێستادا بتوانێت کارێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەیداوە کە، "باوەڕی بەرگریکردنی ئێران ئەوەیە پشت بەخۆی و گەلەکەی و توانا ناوخۆییەکانی ببەستێت".

دەشڵێت، "لە باوەڕی بەرگریکاری ئێراندا هیچ شوێنێک نییە بۆ کڕینی چەکی کلاسیکی و کۆمەڵکوژ".

هەر بەگوێرەی رۆیتەرز، هەریەک لە چین و روسیا سەرەڕای ئەوەی پشتیوانی لە ئێران و هەنگاوەکانی دەکەن، بەڵام فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە رادەگرن.

ئۆلیڤەر مایەر، توێژەر لە پەیمانگای توێژینەوەی چەک و سیاسەتی ئاسایش رایگەیاند، لە جیاوازییەکانی لابردنی یاسای قەدەغەی چەک لەسەر ئێران ئەوەیە بەشێوەیەکی دیاریکراو و سنوردار کاریگەری لەسەر ئێران دەبێت.

چونکە ئەو وڵاتانەی چەکی کلاسیکی بە ئێران دەفرۆشن هەڵوێستی خۆیان ناگۆڕن و ئامادەنین چەکی پێ بفرۆشن.

هاوکات توێژەرێک لە کۆمەڵەی ئۆراسیا کە بنکە سەرەکییەکەی لە واشنتۆنە دەڵێت، روسیا و چین کەوتوونەتە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێراندا، بەڵام جگە لەوەی ئەمریکا چاوەڕێی دەکات هیچی تر روونادات.

لەلایەکی ترەوە، هەندێک لە شیکارانی بواری سیاسی و سەربازی پێیانوایە لە ئایندەدا ئێران بەشێک لە سوپاکەی نوێدەکاتەوە نەک هەمووی بە گشتی، بۆ نمونە کڕینی سیستمی بەرگری  ئێس٤٠٠ی روسی.

ساڵی ٢٠١٩ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە ئێران لە داهاتوودا پشت بە کڕینی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوو دەبەستێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە کاتی تەواوبوونی یاسای قەدەغەکردنی چەک مەترسی ئێران دەگاتە ئەوروپا، چونکە دەتوانێت فڕۆکەی جەنگی نوێی پێشکەوتوو و موشەکی دوورمەودا بکرێت.

چەندینجار پۆمپیۆ جەختی کردووەتەوە، کە ئێران یاسای قەدەغەکردنی چەکی نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە و چەکی رەوانەی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە کردووە بەتایبەتی حوسییەکانی یەمەن.

لەچەند مانگی رابردوودا ئەمریکا هەوڵیدا لەسەر ئاستی جیهانی و لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە کۆدەنگییەک بەدەست بهێنێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارپێکردنی یاساکە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی چین و روسیا هەوڵەکەی شکستیهێنا.