سەردێڕ:

٢١ی ئەم مانگە لە سودان خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2020-10-18

21934 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی سودان بە جیاوازی ئاڕاستەیان، راستڕەوەکان و چەپڕەوەکان، لەنێویشیاندا "گردبوونەوەی پیشەییەکانی سودان" رایانگەیاند، لەپێناو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی راگوزەری سودان، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی لە رۆژی ٢١ی ئەم مانگەدا.

چاودێرانی سیاسی پێشبینیدەکەن ئەم خۆپیشاندانە بەهۆی ئەو دۆخە خراپەوە دەکرێت کە گوزەرانی خەڵک و ئابوری سودانی پێدا تێدەپەڕێت و بڕیاری حکومەتیش بۆ دەستکاریکردنی نرخی سوتەمەنی هۆکارێکی دیکەی توڕەیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە.

بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە، هێزە سیاسییەکانی سودان لەو کەسانەوە دەستیانپێکردووە کە بەردەوام و بۆ ماوەی دوو ساڵە لە سەرەی ریزی کڕینی بەنزین و گاز و سوتەمەنیدان، سەرەڕای ئەوەی رۆژانە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان بەرزدەبێتەوە.

عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی پێشووی سودان، ٢١ ساڵ لەمەوبەر بە کودەتایەک هاتە سەر تەخت، بەڵام سوپاى سودان لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩دا کۆتایى حوکمەکەى راگەیاند، ئەوەش دواى ناڕەزایى گەلى ئەو وڵاتە، کە لە دژى گرانی نرخی شتومەک و سوتەمەنی و خراپی رەوشى ژیانیان لەسەر شەقامەکان بوون و دواتریش ئەنجومەنى سەربازی دەسەڵاتێکى ڕاگوزەری لەو وڵاتەدا بۆ ماوەى دوو ساڵ راگەیاند.