سەردێڕ:

هێمن هەورامی: بەمزوانە بابەتی پرساندنی سەرۆکی حکومەت دەخەینە بەرنامەی کارەوە

فۆتۆ: 
2020-10-18

4140 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەت وەڵامی پرساندنی ٢٣ پەرلەمانتارەکەی داوەتەوە و بە زووی دەخرێتە بەرنامەی کارەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، "بابەتی پرساندن بابەتێکی پەیڕەوییە و مافێکی پەرلەمانیە بەپێی مادەی ٦٨ و ٦٩".

راشیگەیاند، "بۆ جاری دووەم بابەتی پرساندن لەلایەن ٢٣ ئەندامی پەرلەمانەوە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کراوە و لە نزیکترین دانیشتنی پەرلەماندا دەخرێتە بەرنامەی کارەوە".

باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم لە رۆژی ١١ی ئەم مانگەدا وەڵامی پرساندنەکەی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی بۆ پەرلەمان ناردووەتەوە و لە نزیکترین دانیشتندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

رۆژی ٥ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئاوات جەناب وەزیری دارایی و تیمی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمان میوانداری کران، بەڵام ٢٣ پەرلەمانتاری کوردستان جەخت لە جارێکی تر پرساندنی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی دەکەنەوە.