سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق: نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نەگۆڕاوە

فۆتۆ: 
2020-10-18

31723 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە. دەشڵێت، هیچ لێدوانێکیان لەبارەی داشکاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار نەداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بانکی ناوەندی عێراق جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی ئەو لێدوانانەی تایبەت بە (داشکاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار) بڵاوکراوەتەوە تەنیا گوزارشت لە دیدی ئەو کەسە دەکات کە لێدوانەکەی داوە و بە هیچ شێوەیەک لێدوانی فەڕمی بانکی ناوەندی نییە".

دەشڵێت، "ئەم هەواڵە چەندین هەواڵی نادروستی تری بەدوای خۆیدا هێناوە کە لەلایەن مانگرتووانەوە بڵاوکراوەتەوە و کاریگەری لەسەر نرخ بەشێوەیەکی کاتی هەبووە".

بانکی ناوەندی باسی لەوەشکردووە، "نرخی بانک جێگیرە و هیچ نەگۆڕاوە، سیاسەتی نەختینەیی بانک روون و ئاشکرایە".

ئەوەش هاتووە، دراوی یەدەگی بیانی "زۆر باشە" و بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئێستای وڵات تێپەڕێنێت.

هاوکات، داوای لە میدیاکان و دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، تەنیا پشت بە بانکی ناوەندی ببەستن وەک سەرچاوەی هەواڵی تایبەت بەم پرسە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا بەرزبووەوە و نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٢٧ هەزار دینار.