سەردێڕ:

لە مزگەوتی حەڕەمی شاری مەککە رێگە بە نوێژی بەکۆمەڵ دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-10-18

2052 جار خوێندراوەتەوە

میدیای فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەو وڵاتە پاش حەوت مانگ لە داخستنی، ڕێگە بە هاوڵاتیان و نوێژخوێنان دەدات نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتی حەرەمدا ئەنجامبدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، تەلەفزیۆنی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە کە حکومەتی ئەو وڵاتە رێگە بە هاوڵاتیان و نویژخوێنان دەدات نوێژی بەکۆمەڵ لە مزگەوتی حەرەم ئەنجامبدەن و گرتەیەکی ڤیدیۆیش بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت نوێژخوێنان سەرقاڵی ئەنجامدانی نوێژی بەکۆمەڵن بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکانەوە.

لە پاش زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە سەرەتای ئەم مانگە یەکەم کاروانی عەمرەکارانی سعودی دەستیان بە ئەنجامدانی مەراسیمی عەمرە کرد.

 وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیانکرد بە پێشوازیکردن لە عەمرەکاران. بەپێی رێنماییەکان، پێشوازیکردنەکە بە چوار قۆناغ بوو لەگەڵ گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی.

بەپێی ئەو پلانەی لایەنی پسپۆر داینابوو لە قۆناغی یەکەمدا تەنها شەش هەزار عەمرەکار لە یەک رۆژدا مەناسیکەکان جێبەجێدەکەن و بۆ هەر گروپێک تەنها سێ کاتژمێری هەیە. ئەمەش لە پێناو باشترین جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزییەکانە.