سەردێڕ:

بەهۆی کۆرۆناوە؛ خانمە سەرۆکەکەی نیوزلەندا زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا

فۆتۆ: 
2020-10-18

2997 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی سەرکەوتنی بەسەر پەتای کۆرۆنا و روبەڕوبوونەوەی هێرشە چەکدارییەکان بۆسەر نیوزلەندا، پارتی خانمە سەرۆکوەزیرانەکەی ئەو وڵاتە، توانی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنیت

لە دوایین هەڵبژاردنەکانی نیوزلەندا، پارتی کرێکارانی نیوزلەندا بە سەرۆکایەتی جاسیندا ئەردەرن سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە سەرەتای جیاکردنەوەی دەنگەکان و لە ئەنجامە بەراییەکاندا توانیویەتی ٦٤ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی پەڕلەمانی وڵاتەکی مسۆگەر بکات و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بێت، کە دەکاتە رێژەی ٤٩.٢%ی دەنگەکان.

جاسیندا سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا بوو لەم خولەی پێشووی حکومەتدا، شارەزایان هۆکاری ئەو سەرکەوتنەی پارتەکەشی بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە، کە یەکێکیان بریتییە لەوەی، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە جۆرێک، لە کۆی پێنج ملیۆن کەس لە دانیشتووانی نیوزلەندا، تەنیا ٢٥ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، رێکخراوی تەندروستی جیهانیش پێشوازی لە پلانەکانی حکومەتەکەی جاسیندا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و ستایشی کارەکانی کرد.

هۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەرێننەوە، لە ساڵی ٢٠١٩دەدا، نیوزلەندا روبەڕوی هێرشێکی چەکداری توند بووەوە و لە دوو مزگەوتی شاری کرایستچێرچ بەهۆی هێرشەکەوە ٥١ کەس گیانیان لەدەستدا، لەو کاتەشدا ئەردەرن بەشێوازێکی جیاواز روبەڕوی ئەو بارودۆخە سەختە بووەوە و هاوسۆزیەکی گەورەی بۆ قوربانیان دەربڕی و بە باڵاپۆشی چووە سەردانی کەسوکاری قوربانیان و داوای لێبوردنی لێکردن، پێشی وتن، با هەمووان دەستبەرداری ڕق و کینە ببن و شان بەشانی یەک روبەڕوی ساتە دژوارەکان ببنەوە.

جاسیندا ئەردەرنی تەمەنی ٤٠ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٧دا بووە بە سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا.

هاوکات، لەساڵی ١٩٩٦ـەوە هیچ پارتێکی نیوزلەندی بە تەنیا زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێناوە، هەموو ئەو سەرۆکوەزیرانەش کە پێشتر ئەو پۆستەیان وەرگرتووە بەهاوپەیمانی بووە، بۆیە بەپێی وتەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، بەدەستهێنانی ئەم دەنگانە لە لایەن جاسیندا شتێکی سەرسوڕهێنەرە.

لەلایەکی دیکەوە، پارتی ناسیونالیستی ئۆپۆزسیۆنی نیوزلەندی، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان تەنیا لە ٢٥% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە بەرامبەرە بە ٣٥ کورسی پەرلەمان، کە لەماوەی ٢٠ ساڵدا ئەمە خراپترین شکستی ئەو پارتەیە لە هەڵبژاردنەکاندا .

لای خۆشیەوە، یودیس کۆلینز، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا شکستی خۆی راگەیەند و  پیرۆزبایی لە جاسیندا و پارتی کرێکاران کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیان هێناوە.

بەوهۆیەشەوە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت، پارتی کرێکاران ناچار نابێت بەدووبارە دامەزراندنەوەی حکومەت لەگەڵ پارتە پۆپۆلیستەکان، بەڵکو لەوانەیە تەنیا بتوانێت لەگەڵ پارتی سەوزەکان هاوپەیمانی بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەوان زیاتر ئامادەن پشتیوانی لەبەرنامەکانی ئەردەرن بکەن.