سەردێڕ:

تیمی یەکێتی لە حکومەت وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

فۆتۆ: 
2020-10-16

57356 جار خوێندراوەتەوە

تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەگەر بڕیارە حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداوەکان وەربگرێت پێویستە باس لە ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش بکات، دەشڵێت، دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان لە لێدوانێک بپارێزن کوردستان لە کەناری ئارامی دووربخاتەوە.


تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەگەر بڕیارە حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداوەکان وەربگرێت پێویستە باس لە ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش بکات، دەشڵێت، دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان لە لێدوانێک بپارێزن کوردستان لە کەناری ئارامی دووربخاتەوە.

تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم پەیامێکی لەبارەی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان وەک چۆن پڕیە‌تی لە شانازی و دە‌ستكە‌وت، خاڵیش نییە لە کارەسات و کۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن."

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو کارەسات و رووداوانە‌ش بەشێکن لە مێژووی دوور و نزیکی گەلەکەمان، بۆ ئە‌وە‌ی راستی و دروستی و چۆنییەتی روودانیان و بکەرەکانیان و هۆکار و دە‌رئە‌نجامە‌كانیان بزانرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن مێژوونووسانە‌وە‌ بە بێلایەنانە لێكۆڵینە‌وە‌یان لەسەر بکرێت."

دەشڵێن، "ئێمە بڕوامان وایە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە‌ نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دوور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی، خۆ ئەگەر بڕیاریشە‌ حکومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم رووداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوە‌كانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش."

باس لەوەشکراوە، "جەخت دەکەینەوە لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەمولایەک پەند و ئامۆژگاری لە کارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یە‌كڕیزی نەتەوەیی نە‌ك قوڵكردنە‌وە‌ی ناکۆکییەکان و تەفرەقە و پەرتەوازەیی."

ئەوەش لە کاتێکدایە، سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و بیست رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، هێزە عێراقییەکان کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کۆنتڕۆڵکردەوە و ٪٥١ی خاکی کوردستانی عێراق لەدەستدرا.