سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: لە خیانەت بەزامتر ئەوەیە گەل خیانەتکار سزانەدات

فۆتۆ: 
2020-10-16

11171 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی "خیانەتی خاکفرۆشانەوە" دۆخێکی نائاسایی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان هاتووەتەئاراوە. دەشڵێت، " لە خیانەت بەزامتر ئەوەیە گەل خیانەتکار سزانەدات".


سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی "خیانەتی خاکفرۆشانەوە" دۆخێکی نائاسایی لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان هاتووەتەئاراوە. دەشڵێت، "لە خیانەت بەزامتر ئەوەیە گەل خیانەتکار سزانەدات".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە بۆنەی یادی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە رایگەیاند، "ئەو دۆخە نائاساییەی کە لە ئەنجامی خیانەتی خاکفرۆشانەوە لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر هاتەئاراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە".

باسی لەوەشکردووە، "هەرگیز زامی خیانەتی خاکفرۆشانمان بیرناچێتەوە، بەڵام لە خیانەت بە زامتر ئەوەیە، کە گەل خیانەتکار سزانەدات".

دوای ئەوەی بەشێکی بەرچاوی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧دا بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆییان دەرکرد، لە دوای ئەنجامدانی پرۆسەکە و سێ ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، هێزە عێراقییەکان هاتنە ناو شاری کەرکوک و دوای زنجیرەیەک ئۆپراسیۆن لە ٥١%ی خاکی کوردستان لەدەستدرا.

لای خۆیانەوە، سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە وەکو "خیانەت" تەماشای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەن و پێیانوایە "بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بە رێککەوتنی ژێربەژێر شاری کەرکوکیان فرۆشتووە"، لە بەرامبەردا، ئەو بەشە لە سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێن، خودی پرۆسەی ریفراندۆم هەڵە بووە و ئەوان لەگەڵیدا نەبوون و کشانەوەیان لە کەرکوک "بۆ وێران نەبوونی شارەکە و ئاوارەنەبوونی خەڵکەکەی بووە" چونکە سوپای عێراق بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی دابوو.