سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: واشنتۆن لە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران نابورێت

فۆتۆ: 
2020-10-02

4206 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەرێکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەو هێرشانە نابورێت کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانیان.

دەیڤد شێنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندووە، کە وڵاتەکەی لەو لایەن و گروپانە نابورێت کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر هاوڵاتیانیان و ئەو ژن و پیاوانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خزمەت دەکەن.

راشیگەیاند، "ئێمە لەگەڵ عێراقیە هاوبەشەکانماندا کاردەکەین بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و دامەزراوەکانمان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاکە گەورەترین کێشەی عێراق بریتییە لە میلیشیا نزیکەکانی ئێران کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری و هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

باسی لەوەشکرد، هێزە جیاوازەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی بەغدادا نین، هەربۆیە "بەردەوامن لە ئاراستەکردنی موشەک بۆ باڵیۆزخانەکەمان و هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان".

لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، ئەو یاریدەدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نە پشتراستیکردەوە و نە رەتیشیکردەوە بۆ رۆژنامەنوسەکان.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لە چەند رۆژی رابردوودا مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرپرسانی باڵای عێراقی لە داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا ئاگادارکردووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر دامەزراوە و ناوەندەکانیان گەڕاندووەتەوە.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی بە فەڕمی باسی لە داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی هەندێک زانیاریی رۆژنامەوانی، واشنتۆن لە ماوەی ٩٠ رۆژی داهاتوودا بە تەواوی باڵیۆزخانەکەی دادەخات.

لەوبارەوە، دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوایەکیان ئاراستەی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیان کردووە تا روونکردنەوەیان لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەکەوە پێبدات و ئەگەر وەڵام بدرێنەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم لێدوانی فەڕمی واشنتۆن لەسەر ئەو پرسە.