سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق دیارنەمانی شەش ترلیۆن دینار رەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-10-01

8880 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەنگۆی دیارنەمانی شەش ترلیۆن دینار رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی ئەو ١٥ ترلیۆن دینارەدا بووە کە لە ئایاری ئەمساڵدا بە ڕەزامەندی پەرلەمان قەرزکراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕە پارەیەی بە ڕەزاماندی پەرلەمان قەرزکراوە، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئاب خەرجکراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داهاتی نەوتی و نانەوتی لە یەکی کانونی دووەم تا ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٣٣.٥ ترلیۆن دینار و بڕی پارەی خولاو (ماوە) لە ساڵی ٢٠١٩ تا ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە پێنج تریلیۆن دینار، هەروەها بڕی کۆی قەرزەکانیش بریتی بووە لە ١٤.٥ ترلیۆن دینار، کۆی گشتی پارەکەش ٥٣.١ ترلیۆن دینار بووە.

دەشڵێت، ٥٠.٩ ترلیۆن دینار بۆ موچە، خانەنشینی، تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، قەرزەکان، پسوڵەی خۆراک، گەنم، خەرجییە سەربازیی و ئەمنییەکان، سێ سەرۆکایەتییەکە، سێکتەری تەندروستی و هتد، خەرجکراوە.

لەبارەی قەرزی دەرەکیشەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە رەزامەندی پەرلەمان بڕی پێنج ملیار دۆلار قەرزی بیانی وەرگیراوە و بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێت.

لە کۆتاییشدا، وەزارەتی دارایی جەختی لەوەشکردووەتەوە، کە بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵدەدات تا بە سەرکەوتووی ئەم قەیرانە داراییەی ئێستا تێپەڕێنن و هەروەها هۆشدارییدەدات لە لێدوانی نابەرپرسانە لەو دۆخی قەیرانی داراییەدا، کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێ لای خەڵکی.