سەردێڕ:

زانكۆی هەڵەبجە: ٤ی ١٠ دەست بە دەوام دەکەینەوە

بەشە ناوخۆییش دابەشدەکرێت
فۆتۆ: 
2020-10-01

9838 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە رایگەیاند، خوێندن لە زانكۆكەیان بە شێوەی ئاوێتە لە ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠، دەستپێدەكاتەوە.

ئەنجومەنی زانكۆی هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، خوێندنی زانکۆی هەڵەبجە بەشێوازی ئاوێتە دەستپێدەکات بە جۆرێک وانە تیۆرییەکان بە شێوازی ئەلکترۆنی، وانە پراکتیکیەکانیش لە کەمپەس دەبێت بە رەچاوکردنی رێکارە تەندروستیەکان.

دەشڵێت، لە پاش ٢٥ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠یش، خوێندن بە رەچاوکردن وجێبەجێکردنی رێکارە تەندروستیەکان لە نێو کەمپەس دەستپێدەکات.

ئاماژەبەوەشكراوە، لە رۆژی لە ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠، بەشە ناوخۆیی بەسەر خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە دابەشدەکرێت بەپێی خشتەیەک کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی بەشە ناوخۆییەکانەوە رادەگەیەنرێت، بەشە ناوخۆیی تەنیا بەو خوێندکارانە دەدرێت کە سەرو (٤٠کم) دوورن لە سەنتەری شاری هەڵەبجە.

باس لەوەشكراوە، پێویستە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران لە کاتی دەوامی زانکۆ و لە بەشەناوخۆیی پابەندیی تەواو بن بە رێنماییە تەندروستیەکانەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، خوێندنی ئێواران لەنێو کەمپەس لە لە ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ دەستپێدەکات و خوێندنی باڵای ماستەر لە نێو کەمپەس لە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەدا دەستپێدەکات.