سەردێڕ:

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا داوای روونکردنەوە لە ترەمپ دەکات

فۆتۆ: 
2020-10-01

6036 جار خوێندراوەتەوە

دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ داخستنی باڵوێزخانەکەی و کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەربڕی. هاوکات، داوای روونکردنەوە لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن کە ئایا تا چەند ئاستی مەترسییەکان جددین؟

سێنس میت ڕۆمنی و کریس مۆرفی کە دوو ئەندامی دەستەی باڵای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایانگەیاند، سەرەڕای پشتیوانیان بۆ وەزارەتی دەرەوە بە مەبەستی روبەڕووبونەوەی هەر مەترسیەک بۆ سەر ستاف و سەربازەکانیان، هاوکات داوای رونکردنەوە دەکەن لە ئیدارەی ترەمپ تایبەت بە دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەکەیان، دەیانەوێت بزانن تا چەند ئاستی مەترسییەکان زۆر و جددین؟

ئەو دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیران دەڵێن، "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بەردەوام لە هەوڵدابووین بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە زۆر نیگەرانین دەربارەی لێکەوتەکانی کشانەوەی تەواوەتی تیمە دیپلۆماتیەکان لە باڵیۆزخانەکەمان، کە لەوانەیە زیان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بگەیەنێت و سوود بە ئێران بگەیەنیت".

دەشڵێن، "داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکەین کە بە زووترین کات، روونکردنەوە بدات بە ئەنجومەنی پیران، دەربارەی جۆری هەڕەشەکان بۆ سەر کارمەندانی باڵیۆزخانەکەمان لە عێراق".

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەڵامدانەوەی داوای ئەم دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پیران، دەبێت بە یەکەم لیدوانی فەڕمی و ئاشکرای ئیدارەی ترەمپ لەسەر بابەتی داخستنی باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لە چەند رۆژی رابردوودا، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە بەرپرسانی عێراقی راگەیاندووە، کە ئەگەر هێرشە موشەكییەكانی دژی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی نەوەستێنرێن، ئەوا باڵیۆزخانەکەیان دادەخەن.