سەردێڕ:

وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم چەند بڕیارێکى دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-09-28

4935 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم رایگەیاند، بەردەوامی دەدەن بە باجی گومرگی لەسەر هێلكەی تروكاندن و تەنها خاوەن هەڵێنەرەكان دەتوانن هێلكەتروكاندن بەپێی توانای خۆیان هاوردەبكەن.

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بڕیارماندا بە بەردەوامیدان بە باجی گومرگی لەسەر هێلكەی تروكاندن، هەروەها تەنها خاوەن هەڵێنەرەكان دەتوانن هێلكەتروكاندن هاوردە بكەن بە پێی توانای خۆیان، هەروەها دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتی كەرتی پەلەوەری و زیادكردنی باج لەسەر پارچەكانی مریشك دەکرێت و ئاسانكاری دەکرێت لە كرێی كارەبا و سۆیە بۆ كارگەكانی ئالیك، لە بەرامبەردا پێویستە ئەوانیش نرخی ئالیك دابەزێنن بۆ ئەوەی نرخی مریشك لەسەر هاوڵاتی كەمبێتەوە."

ئاماژەبەوەشکراوە، "لیژنەیەك چاودێری هەڵێنەرەكان دەكات و هەناردەی بەرهەمی مریشک بۆ خوارو ناوەڕاستی عێراق چارەسەردەکرێت."

باسلەوەشکراوە، "كەرتی پیشەسازی پەلەوەر كەرتێكی گرنگە، بۆیە ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەرمان دامەزراندووە تاوەكو كێشە و گرفتەكانی ئەم كەرتە چارەسەر بكەین."

ئەوەشخراوەتەڕوو، "پڕۆژە یاسایەكمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوە بەكاری سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵی و ڤێتێرنەریەكان لەگەڵ قەرزە كەڵەكە بووەكانی سەر پڕۆژەكان بكرێتە قەرزی درێژخایەن."

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، لەماوەى رابردوودا وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم هاوردەکردنى پەتاتە و چەندین جۆرى دیکەى بەروبومى کشتوکاڵى لە دەروەى هەرێم قەدەغەکرد.