سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک زانیارى لەبارەى ٣٢٠ ملیارەکەى بەغدا ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-28

61109 جار خوێندراوەتەوە

 ئەندامێکى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، عێراق هێشتا موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش نەکردووە و هەتا موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش نەکات موچەی فەرمانبەران نانێرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەی تاوتوێى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، "عێراق هێشتا موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەشنەکردووە و هەتا موچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش نەکات موچەی فەرمانبەران نانێرێت،" دەشڵێت، "پێم سەیرە حکومەتی هەرێم چاوەڕێی ۳۲۰ ملیارەکەی بەغدا دەکات دەبێت خۆی موچەی چەند وەزارەتێک دابەش بکات حکومەت لەکاتی کەمکردنەوەی موچەدا وتی ۳۰ رۆژ جارێک موچە دابەش دەکەین، بەڵام وا دەرنەچوو بەپارەی بەغداشەوە حکومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی تەواو دابەش بکات."

ئەوەشی خستەڕوو، "بەشی زۆری پارەی نەوتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکانە بۆیە ناتوانن موچە دابەش بکەن."

ئاماژەى بەوەشکرد، "عێراق نزیکەی چوار ملیار و نیو دۆلارى لە فرۆشتنی داهاتی نەوت دەستکەوتووە و داهاتی مانگانەی حکومەتی عێراق زیاتر لە پێنج ملیار و نیو دۆلارە حکومەتی عێراق مانگانە دوو ترلیۆن دیناری دەوێت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بە هەرێمیشەوە".

باسی لەوەشکرد، "پێویستە حکومەت روونکردنەوەمان بداتێ بۆچی پارەی نییە بۆ دابینکردنی موچە، ئێمە وەک پەرلەمانتاران کەمتەرخەم بووین لە چاودێریکردنی وەزارەتی دارایی عێراق لە رووی داهات و خەرجییەوە".

دەشڵێت، "ئەوە ناڕاستە کە دەڵێن حکومەتی عێراق وەک وەزارەتی سێیەم مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم دەکات، بەڵکو هەموو مانگێک حکومەتی عێراق لەگەڵ دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی عێراق پارەی بۆ هەرێم ناردووە".

راشیگەیاند، "قەرزە نێودەوڵەتییەکان پشکی هەرێمی تێدایە و دواتریش لە دانەوەی قەرزەکەدا دەبێت هەرێمیش بیداتەوە بە وڵاتان، ئەوان قەرز نادەن بۆ موچە، بەڵکو بۆ پڕۆژە قەرز دەدەن بۆیە پێویستە هەرێمیش هەوڵبدات پشکی خۆی وەربگرێت".

لەبارەى ژمارەى موچەخۆرانى هەرێمیشەوە وتى، "٦٨۲ هەزار موچەخۆری فیعلی هەرێم لە بەغدا تۆمارکراوە".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، نزیکەى ٤٠ رۆژە موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان موچەیان وەرنەگرتووە و وەزارەتى دارایی هەرێمیش دەڵێت، چاوەڕێى گەیشتنى بڕى ٣٢٠ ملیارەکەى بەغداین بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.