سەردێڕ:

دوای ١٧ ساڵ لێکۆڵینەوە؛ سەربازێکی پێشووی بەریتانیا لە رووداوێکی کوشتن بێ تاوان دەرچوو

فۆتۆ: 
2020-09-28

3829 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا راپۆرتی کۆتایی لەبارەی رووداوی گیانلەدەستدانی گەنجێکی عێراقییەوە بڵاوکردەوە، کە لە سالی ٢٠٠٣دا لە بەسڕە گیانیلەدەستدا و تیایدا هاتووە، "ئەو ئەفسەرەی گوماندەکرا تاوانبار بێت بە کوشتنی گەنجەکە بێ تاوانە و گەنجەکە لە کاتی هەڵهاتنیدا کەوتووەتە ناو رووبارەوە."

سەعید شەبرام، ئەو گەنجەی دوای هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی بەتۆمەتی دزیکردن لە بنکەیەکی سەربازی لە بەسڕە لە ساڵی ٢٠٠٣، لەکاتی هەڵهاتنیدا دەکەوێتە ناو رووبارەوە و بەو هۆیەشەوە گیانلەدەست دەدات، لە رووداوی گیانلەدەستدانەکەشیدا ئەفسەرێکی بەریتانی تۆمەتبارکرا و لە ئێستاشدا پاش تێپەڕینی ١٧ ساڵ لە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، ئەو ئەفسەرە بێتاوان دەرچوو. کە ئەو ئەفسەرە ناوی "رۆبێرت چامپیڵی"یە و تەمەنی ٤٧ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەفسەر بووە لە بنکەیەکی سەربازی لە بەسڕە و لە ئێستاشدا خانەنشینە.

لە بارەی رووداوەکەوە خێزانی سەعید شەبرام دەڵێن، "کوڕەکەیان لەلایەن سەربازە بەریتانییەکەوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەسڕە ناچارکراوە خۆی بخاتە ناو رووبارەکەوە و بەو هۆیەشەوە گیانیلەدەستداوە."

بەهۆی رووداوەکەشەوە، چامپڵی بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا هەشت جار لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، لەبارەی لێکۆڵینەوەکانیشەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، "لەسەرەتاوە ئەوەم خستەڕوو کە من بێتاوانم و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە نیم، ماوەی ١٧ ساڵە شەوێک بە ئارامی نەخەوتووم، پیشەکەم لەدەستداوە و ژیانم سەرتاپا تێکچووە." 

وەک کاردانەوەیەکیش لەبەرامبەر شێوازی مامەڵەکانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکاندا، ئەو ئەفسەرە بەریتانییە سەرجەم ئەو مەدالیا سەربازیانەی بەدەستی هێناوە، بۆ شاژنی بەریتانیای گەڕاندووەتەوە.

لەماوەی رابردووشدا، زیاتر لە چوار هەزار دۆسیە لەسەر رووداوەکە ئاڕاستەی پارێزەر فیڵ شینەر کراوە، سەرئەنجام تەواوی دۆسییەکان بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە کۆتاییان پێ هاتووە.