سەردێڕ:

خوێندنی باڵا بڕیارێکی نوێی لەبارەی ناوچەکانی دەرەوەى ئیدارەى هەرێمەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-09-27

4509 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا رایگەیاند، بڕیاردراوە ئەو خوێندکارانەی تا ساڵی '٢٠١٤-٢٠١٥' لە زانکۆکانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم وەرگیراون دانبە بڕوانامەکانیاندا بنرێت.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان پێشنیازێکى وەزارەتى خوێندنى باڵای لەبارەی زانکۆکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانەوە پەسەندکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ١٠ی ئەم مانگەدا داوای دانپێدانان و چارەسەرکردنی پرسی زانکۆکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمی لە ئەنجومەنی وەزیران کردبوو، کە ئەو خوێندکارانە تاکو ساڵى خوێندنى '٢٠١٤-٢٠١٥' لەم زانکۆیانەدا وەرگیراون دان بە بڕوانامەکانیان بنرێت و راستاندنیان بۆ بکرێت و ئەمڕۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پێشنیازەکەی پەسەندکردووە.

باسی لەوەشکردووە، لەخاڵى دووەمى نوسراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران پێشنیازێکى دیکەى وەزارەتەکەیان پەسەندکراوە بۆ ئەوانەى لە دواى ساڵى '٢٠١٤-٢٠١٥' وەرگیراون، بۆ ئەمەش وەزارەتەکەمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق دیراسەى ئەم بابەتە دەکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا دەستپێدەکات بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ وەرگیراوانی دوای ساڵی '٢٠١٤-٢٠١٥' بدۆزینەوە.