سەردێڕ:

یه‌كه‌ی ژمێریاری یه‌كه‌كانی ٧٠ و ٨٠ خرایه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

فۆتۆ: 
2020-09-27

17967 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ یه‌كه‌ی ژمێریاری یه‌كه‌كانی ٧٠ و ٨٠ خرایه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "له‌ بڕیارێكدا به نوسراوی ‌ژماره‌ ٧٩٥٩ له‌رۆژی ٢١ی ئه‌یلولی ٢٠٢٠ پاڵپشت به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی ده‌یه‌م له‌یاسای چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ رێكخستنه‌وه‌ی یه‌ك یه‌كه‌ی ژمێریاری هاوبه‌شی سه‌ربازی، به‌ واژۆی شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ ژمیریاریه‌كانی یه‌كه‌ی ٧٠ و ٨٠ درا، هاوكات به‌پێی بڕیاره‌كه‌ یه‌كه‌ی هاوبه‌شی ژمێریاری بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌كان خرایه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌."

ئەوەش هاتووە، "به‌و پێیە‌، هاوتای هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی سه‌ربه ‌وه‌زاره‌ت، ته‌واوی موچه ‌و بودجه‌ی هه‌ردوو یه‌كه‌كانی ٧٠ و ٨٠ له‌رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری بودجه ‌و به‌رنامه‌كان ( ژمێریاری سه‌ربازی) له‌ژێر وردبینی فه‌رمانگه‌ی چاودێری دارایی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت، کە ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ بۆ كراوه‌ له‌ مادده‌ی ٣ی ناو یاسای ژماره‌ ١٩ی ساڵی ٢٠٠٧ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌."

ئاماژە بەوەشکراوە، "به‌ جێبه‌جێكردنی ئەم بڕیارەش، فه‌رمانگه‌ی چاودێری دارایی به ‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ میلاكاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بودجه ‌و ژمێركاری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وردبینی و پێداچوونه‌وه‌ به‌خزمه‌تی سه‌ربازی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی سه‌ر به‌و یه‌كانه‌ ده‌كرێت، هه‌ر وه‌ك دۆسیه‌ی كه‌سی بۆ ته‌واوی هێزه‌كان به‌هه‌موو پێدوایستییه‌ یاساییه‌كانه‌وه دروستده‌كرێت."

لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ٧٠ سەر بە یەکێتین و هێزەکانی ٨٠ سەر بە پارتین، چەند لیوایەکی هاوبەشیش لە وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێم باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە، بەڵام تا ئێستا هێزەکان یەک نەخراونەتەوە و لە ئێستاشدا بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە بۆ لەمەودوا دابەشکردنی موچەی هەردوو یەکەکە دەخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بە جیا موچەکانیان بۆ ناچێت.