سەردێڕ:

'بە بڕیاری پارتی لەسەر خۆپیشاندان دوو سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە'

فۆتۆ: 
2020-09-27

4854 جار خوێندراوەتەوە

بەبیانووی هاندانی خۆپیشاندان و لەسەر داوای پارتیی، داواکاری گشتیی دوو سکاڵای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید لە هەولێر و گەرمیان تۆمارکردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، بە بڕیاری پارتی، داواکاری گشتی دوو داوای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکردووە لە هەولێر و گەرمیان بەتۆمەتی هاندانی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ بێ موچەیی و گوزەرانی خراپی هاوڵاتیان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، هەردوو داوا یاساییەکە لەسەر داوای پارتی و لەنێو پارتیشدا بەبڕیاری خودی مەسرور بارزانی تۆماركراوە.

ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی، کە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی بۆ کردووە، لە کاتێکدا بووە کە دۆخی کۆرۆنا وەک ئێستا خراپ نەبووە لە هەرێمی کوردستاندا، کە ئێستا رۆژانە سەروو ٣٠ کەس گیانلەدەستدەدەن، بەڵام داواکاری گشتی لە هەولێر بەو هۆکارە داوای لەسەر تۆمارکردووە و لە گەرمیانیش بە هۆکاری خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانیش لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان، چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەر شاسوار عەبدولواحید و ویستویانە پشێوی و ئاژاوە بنێنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بترسێن و بەشداری چالاکی و خۆپیشاندانەکان نەکەن.

بەرپرسانی نەوەی نوێ دەشڵێن، لەو کاتەی لە هەرێمی کوردستان رۆژانە تەنها چەند کەسێک توشی کۆرۆنا دەبوون، دەسەڵات شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتبار دەکرد، کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە مەترسی دروست دەکات بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان، بەڵام ئێستا رۆژانە سەدان کەس توشدەبن و دەیان کەسیش گیانلەدەستدەدەن، بەڵام دەسەڵات بەردەوامە لە کۆبوونەوە و چالاکییە جەماوەرییەکانی خۆی.