سەردێڕ:

​ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-26

7904 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدادی پایتەخت کردووە، ئەگەر حکومەتی عێراق کار بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئەمریکا نەکات.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە عێراق داوە لەبارەی ئەوەی واشنتۆن ئامادەیە ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە بەغدا کۆتایی پێبهێنێت و چالاکی لە دژی گروپە چەکدارییەکان دەستپێبکات.

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، "بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا له بەغدا له دەستی دۆناڵد ترەمپدایە و ترەمپیش ئامادەیه ئەو بڕیارە بدات ئەگەر هێرشەکان بۆسەر ئەمریکا نەوەستێنرێن"، وتیشی، "ئەگەر هێزەکانمان پاشەکشە بکەن و بەم شێوەیە باڵیۆزخانەکە دابخەین، ئێمە هەموو ئەو کەسانە لەناو دەبەین کە سەلمێنراوە دەستیان لەو هێرشانەدا هەیە."

هاوکات، کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبیە لە زاری سەرچاوە سیاسییەکانی ئەمەریکا و عێراقەوە رایگەیاندووە، هەڕەشەی سنوردارکردنی مامەڵەی دۆلار لە عێراق و هەڵگرتنی هاوکاری لە رێگەی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ عێراقەوە، لە هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکان.

هەر ئەمڕۆش، دەیڤد ئیگناتیوس نوسەر و پسپۆڕ لە کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی واشنتۆن پۆستدا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "عێراق ئەو مەیدانەیە کە دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا روبەڕوبونەوەی ئێران و ئەمریکای تێدا بتەقێتەوە، ئەمەش دەبێتە رووداوێکی چاوەڕواننەکراوی پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم".

راشیگەیاندووە، "داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئەو گروپە چەکدارانەی ئێران پشتگیران دەکات."