سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-26

12152 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات و بڕیارە لە دانیشتنەکەدا وتارێک لەبارەی چەند پرسێکەوە پێشکەشبکات.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە سەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی تایبەت رێکبخات کە تێیدا سەرۆکی حکومەت لە سەر جێبەجێکردنی كارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و رێڕەوی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و شیکردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستای هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتارێک پێشکەش دەکات."

 ئەوەش هاتووە، "بەپێی ماددەی ٦٦ بڕگەی دووەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیران دەتوانێت داوای دانیشتنی پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بابەتێک بدات و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش دەبێ لە ماوەیەکدا کە لە ١٤ رۆژ تێپەڕ نەکات ئەو دانیشتنە رێکبخات."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەی رابردوودا داواکارییەک لە پەرلەمان تایبەت بە پرساندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم واژۆکرا کە ٢٣ واژۆى پەرلەمانتارانى پێویستە، تیایدا فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتوو سەرجەم ئەندامەکانیان واژۆیان لەسەرى کردووە و لە فراکسیۆنى گۆڕانیش دوو ژنە پەرلەمانتار و عەلی حەمەسآڵح واژۆیان کردووە و داوای ئەوەشدەکەن کە سەرۆکى حکومەت بهێندرێتە بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەى لەبارەى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانەوە لێبکرێت.