سەردێڕ:

ئەنجومەنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە زانکۆی راپەڕین لەبارەی داخستنی بەشەکەیانەوە هاتنەدەنگ

فۆتۆ: 
2020-09-26

2990 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە زانکۆی راپەڕین یاداشتێکیان لەبارەی داخستنی بەشەکەیانەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەبیانووی نەبوونی هەلی کارەوە دەیانەوێت بەشەکە دابخەن.

ئەنجومەنی مامۆستایانی زمانی کوردی لە زانکۆی راپەڕین یاداشتێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "زمان یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکانی مانەوەی هەر گەلێک، بۆیە هیچ گەلێکی هۆشیار لە بەهای زمانی دایکی کەمناکاتەوە"، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەوەی جێی نیگەرانی ئەوانە لە دەڤەری راپەڕین و لە بەرامبەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی راپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١، بەپێی قسەی خۆیان، "لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین (سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژەکانی زانکۆی راپەڕین)ەوە، بە بیانووی نەبوونی هەلی کار دەیانەوێت بەشی زمانی کوردی دابخەن."

باسیان لەوەشکردووە، بەشەکە مەرجەکانی هەر بەشێکی زانستی تێدایە و خواستی خوێنکارانیشی لەسەرە و تاڕادەیەک دەستکەوتنی هەلی کاری وانەبێژی لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەو دەڤەرەدا بەردەستە، دەشڵێن، "ئێمە وەک ئەکادیمییەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لەبەشەکەدا هیچ را و سەرنجێکمان وەرنەگیراوە."

راشیانگەیاندووە، ماوەی سێ ساڵە بەناوی هەڵپەساردنەوە خوێندکار بۆ ئەو بەشە نانێرن و پێشتریش لەسەر لابردنی ئەو هەڵپەساردنە و گۆڕین و گونجانی پرۆگرامی خوێندنی بەشەکە لەگەڵ سیستمە نوێیەکانی خوێندنی دونیا پرۆپۆزەڵی زانستییان داوەتە (بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕێن) بەڵام هەوڵەکانیان لەبەرچاونەگیراوە.

No description available.