سەردێڕ:

ترەمپ: دوای هەڵبژاردن مەرجەکانی رێککەوتن لەگەڵ ئێران قورستر دەبن

فۆتۆ: 
2020-09-26

1967 جار خوێندراوەتەوە

 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەرجەکانیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران قورستر دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا لە چوارچێوەی کەمپی هەڵبژاردن لە شاری دوراڵی ویلایەتی فلۆریدا رایگەیاند، ئێران خوازیاری دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام پێی وتوون کە چاوەڕێ بکەن.

وتیشی، ساڵێک بەر لەئێستا بە ئێرانیەکانی راگەیاندووە، کە گەر خوازیاری دانوستانن زووتر هەنگاو بنێن، چونکە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەرجەکانی دانوستان قورستر دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٣ی مانگی ١١دا دانوستان و رێککەوتنی لەگەڵ ئێران هەروا ئاسان نابێت.

ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی نیوان وڵاتانی زلهێز و ئێران کشایەوە و دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەمەبەستی ناچارکردنی تاران بە ملدان بۆ رێککەوتنێکی نوێ و گشتگیر کە جیا لە بەرنامەی ئەتۆمی، بەرنامەی موشەکی و دەستوەردانەکانی ئەو وڵاتە لە دەرەوەش لە خۆ بگرێت، سزا و فشارەکان لەسەر ئێران توند دەکاتەوە.

بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ئابوری ئێران زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و بەهای تمەنیش بۆ کەمترین ئاست لە مێژووی ئەو وڵاتە داکشاوە.