سەردێڕ:

واشنتۆن پۆست: رەنگە عێراق ببێتە مەیدانی روبەڕوبوونەوەی ئێران و ئەمریکا

فۆتۆ: 
2020-09-26

16543 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی وتارێکی بڵاوکردووەتەوە کە جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا روبەڕوبونەوەی ئێران و ئەمریکا لە سەرخاکی عێراق بتەقێتەوە، ئەمەشی بە "(سوپرایزی ئۆکتۆبەر) لە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا" وەسفکردووە.

دەیڤد ئیگناتیوس نوسەر و پسپۆڕ لە کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکیدا کە لە ماڵپەڕی  واشنتۆن پۆستدا بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، "عێراق ئەو مەیدانەیە کە دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا روبەڕوبونەوەی ئێران و ئەمریکای تێدا بتەقێتەوە، ئەمەش دەبێتە رووداوێکی چاوەڕواننەکراوی پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم".

راشیگەیاندووە، "داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئەو گروپە چەکدارانەی ئێران پشتگیران دەکات".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئێران لە ئامادەباشیدایە سەبارەت بەو رەفتارانەی ئیدارەی ترەمپ کە راستەوخۆ توڕەی دەکات، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییانەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێی ئاشکرای زیاتر کردووە".

هاوکات، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "مەترسییەکی ئاشکرا لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراقدا هەیە ئەگەر هێرشی چەکدارەکان لە عێراقدا بەردەوامبێت، پێمان وایە کازمی دەیەوێت شتێکی دروست ئەنجامبدات، بەڵام پێویستە بە خێراترین شێوە ئەنجامی بدات".

چاودێران پێیان وایە لە ئەگەری روودانی هەر روبەڕوبوونەوەیەک لە عێراقدا ئەوا لەهەموو روویەکەوە ئەگەری مەترسی دروستدەکات و ئەگەر ئەو چەکدارانەشی لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەونە جەنگەوە، ئەوا ئیدارەی ترەمپ هەڵدەستێت بە وەڵامدانەوەیان، بەهەمان شێوە ئەگەر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو چەکدارانە بدات هەروەک پۆمپیۆ داوای لێکردبوو، ئێران بەتوندی وەڵامی دەداتەوە و بەمەش رژێمەکەی سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە دەڕوخێت، چونکە ناوخۆی عێراق لاوازە.

لەم چەند هەفتەیەی دواییدا چالاکییە توندوتیژییەکانی گروپە چەکدارەکان رووی لەهەڵکشانکردووە، سەرەڕای ئەوەی کازمی بەڵێنیدا بەتوندی هێرشبکاتە سەریان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پۆمپیۆ دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی فشار دروستکردن لەسەر حکومەتی عێراق، سەرەتا لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیەوە بۆ سەرکۆماری عێراق دەستی پێکرد کە هۆشداریدا بەوەی "بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەدەست ترەمپە و ئامادەکراوە و تەنها واژۆکردنی ماوە، ئەگەر هێزەکانمان بکشێنەوە و بەم شێوازە باڵیۆزخانەکەمان دابخرێت، ئێمەش هەڵدەستین بە یەکلاکردنەوەی مامەڵەکانمان لەگەڵ هەموو ئەوانەی دەسەلمێندرێت لە هێرشەکاندا تێوەگلاون"، بەپێی میدیاکانی ئەمریکاش پۆمپیۆ هەردوو گروپی چەکداری حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی دەستنیشانکردووە، کە  پاڵپشتیدەکرێن لەلایەن ئێرانەوە.