سەردێڕ:

ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژی هاوڵاتییەکی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-09-26

12016 جار خوێندراوەتەوە

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بکوژی هاوڵاتی ئیلیاس قادر، کە شەوی ٧ی ٩ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر کوژرا، دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "لە رێککەوتی ٧ی ٩ی ٢٠٢٠ کاتژمێر ١١ی شەو لە چوارڕیانی فلکەی زراعیەی شاری هەولێر لە رووداوێکی دەستڕێژی گوللەدا، هاوڵاتی (ئیلیاس قادر) گیانیلەدەستدا و هاوڵاتییەکی تریش بریندارکرا".

دەشڵێت، "پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو رووداوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیمان، توانرا سەرەداوی تاوانەکە بدۆزینەوە و لە ٢٣ی ئەم مانگەدا تاوانباری بکوژ بەناوی (گەیلان خالد حەمد عەباس) لەدایکبووی ١٩٩٨ دانیشتوی شاری هەولێر، دەستگیرکرا".

باسی لەوەشکردووە، "لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی (٤٠٦ ی.س) لامان بەندکرا و لەبەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا نا، کە هەڵساوە بە تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلەکەیان، دۆسییەی تۆمەتبار لەلایەن دادگا رێکارە یاساییەکانی بەرانبەر دەگیرێتەبەر."

ئەمڕۆش، ئومێد چۆمانی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، "شەوی رابردوو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر چەند کەسێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک و دەستڕێژی گوللـەیان لێکردوون، گەنجێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندارکراون".