سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: ئەوانەی دوێنێ داوای جیابوونەوەیان دەکرد ئەمڕۆ وەفد دەنێرن بۆ بەغداد بۆ بەدەستهێنانی بەشەبودجە

فۆتۆ: 
2020-09-25

5588 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەوانەی دوێنێ داوای جیابوونەوەیان دەکرد ئەمڕۆ وەفد دەنێرن بۆ بەغداد بۆ بەدەستهێنانی بەشە بودجە، دەشڵێت، هیوادارە هاوڵاتییان رابردوویان لەبیرنەچێتەوە، با چیتر سیاسییەکان بێ باک نەبن بەرامبەر بە خەڵک و درۆیان بۆ نەکەن.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "حەز دەکەم بۆ هەمووان روون بێت، هیچ کات حەزمان نەکردووە قسەکانی ئێمە راست دەربچێت"، دەشڵێت، "زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانم بە سوعبەت باسم دەکرد و دەموت خوادەکات ئەوان راستدەکەن، با ئێمە هەر لە وڵات دەربکەن، بەڵام من دەزانم ئەم کارە بکرێت زەرەری میللەتەکەمی تێدایە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئیشی ئێمە لە رابردوو و لە ئێستاشدا ئەوەیە کە راستگۆبین لەگەڵ هاوڵاتییاندا، چیمان زانی پێیان بڵێین."

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، "لە هەمووی سەیرتر لە ئێستادا دوو شتە، کە ئەوانەی دوێنێ دەیانوت عێراق تەڵاق دەدەین، ئێستا داوای نەفەقەی زەواج دەکەن، واتە ئێستا وەفد دەنێرنە بەغداد و داوای بودجە دەکەن، دووەمیش ئەوەیە کە لە ئێستادا هەرچی حزبی سیاسی و تەنانەت شەخسی ناو حزبەکان هەن، دژی ریفراندۆم قسەدەکەن، لە بیریان چوەوە لە ٢٥ی ٩ هەر هەموویان (بێ هیچ جیاوازییەک) دەنگیان دا بە بەڵێ و پشتیوانی بڕیارە هەڵە و نامەدروسەکەی بارزانییان کرد."

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکردووە، "لەم وڵاتەدا کاتێک سەیری ئەو رووداو و هەڵوێستانە دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت سیاسەت لای ئەو حزبانە مانای درۆزنی و ساختەچێتی و بێهەڵوێستی و بێ مەبدەئیە."

راشیگەیاندووە، "هیوادارم هاوڵاتییان رابردوویان لەبیرنەچێتەوە، لەبەر خاتری ئێمە نا، لەبەرخاتری من نا، بەڵکو لە پێناو خۆیاندا، با چیتر سیاسییەکان بێ باک نەبن بەرامبەر بە خەڵک و بە ئارەزووی خۆیان درۆتان بۆ نەکەن، بۆیە رابردووتان لە بیرنەچێتەوە، سزای ئەوانە بدەن بێ هەڵوێست بوون، کە راستییەکانیان بۆ باس نەدەکردن"، دەشڵێت، "پاداشتی راستگۆکانیش بدەنەوە، با هەمووان فێربن لەمەودوا راستگۆ بن لەگەڵتاندا."

روونیشیکردووەتەوە، "ئەوە ئێوەن کە دیاریدەکەن سیاسییەکان چۆن بن لەگەڵتان، ئایا رێزتان بگرن و راستگۆ بن، یاخود بە پێچەوانەوە."

لە رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧دا، بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی ماوە بۆ درێژکراوەی هەرێمی کوردستان بوو، بە پشتگیری سەرجەم حزبەکانی کوردستان سەرەڕای رەتکردنەوەی ریفراندۆم لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە و دژایەتی پڕۆسەکە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و عێراقەوە دواجار دەنگدان بۆ ریفراندۆم بەڕێوەچوو.

لەو کاتەدا، جوڵانەوەی 'نەخێر لە ئێستادا' کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکرد وەکو تاکە بەرەی دژی ریفراندۆم لەو کاتەدا وەستایەوە و ئاماژەیان بەوەشدەکرد، هەلومەرجی دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەت لەوکاتەدا لەبار نییە، چونکە هەم لە ناوخۆی هەرێمەکەدا قەیرانی سیاسی و ئابوری هەبوو، هەم وڵاتانی یار و نەیار دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە بوون، دواتر، لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، بەبێ بەرگریکردن، یەکێتی و پارتی شاری کەرکوک و بەشی زۆری ناوچە دابڕاوەکانیان بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق چۆڵکرد و هەر لە پاش ئەوەش، ئەنجامی ریفراندۆم سڕکرا.

لە ئێستاشدا پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و لێکەوتەکانی، حکومەتی هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر بەشەبودجەی هەرێم ناوبەناو شاند دەنێرێتە بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم و هاوکات، مانگانەش چاوەڕێی حکومەتی ناوەندە بۆ ناردنی ئەو بڕەپارەیەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران لەسەری رێککەوتوون.