سەردێڕ:

کاتی ناردنی ٣٢٠ ملیارەکەی بەغدا ئاشکراکرا

لە نێوان ٢٤ بۆ ٢٧ی ئەیلوولدا دەگات
فۆتۆ: 
2020-09-23

73451 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، حکومەتى عێراق پاش دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى خۆى، بڕى ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت، کە دەکاتە نێوان رۆژەکانی پێنجشەممە بۆ یەکشەممەی داهاتوو.

ئومێد محەمەد، پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى لە بەغدا رایگەیاند، "حکومەتى عێراق پاش دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى خۆى کە بڕیارە رۆژى پێنجشەممە، ٢٣ى ئەیلولى ٢٠٢٠ دەست بەدابەشکردنى بکات، لە نێوان رۆژى پێنجشەممە ٢٤ی ئەیلول تاوەکو یەکشەممە ٢٧ی ئەیلول بەغدا بڕى ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت"، دەشڵێت، "حکومەتى عێراق لە قەیرانى دارایدایە و بڕى نیو تریلیۆن دینارى قەرزکردووە تاوەکو بتوانێت موچەى فەرمانبەران دابەشبکات".

ئاماژەى بەوەشکرد، "حکومەتى عێراق تاکە سەرچاوەى داهاتى نەوتە، پاش بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناش کەوتە دۆخێکى قەیراناوییە و چونکە ئەو داهاتەى دەستى دەکەوێت لە رێگەى خاڵە سنورییەکان و نەوتەوە وەک موچە دەدرێتە فەرمانبەران".

ئەوەشى خستەڕوو، "حکومەتى عێراق بۆ دابەشکردنى موچەى فەرنبەرانى خۆى قەرزیکردووە و چەند رۆژێکیش دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى عێراق دواکەوتووە و ئەوەش وایکردووە ناردنى بڕى ٣٢٠ ملیارەکەى بەغدا بۆ هەرێم دوابکەوێت".

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی ئەیلولدان و حکومەتیش تاوەکو ئێستا موچەى مانگى نیسانى ئەمساڵى فەرمانبەرانى دابەشنەکردووە، ئەوەش سەرەڕایى ئەوەى موچەی هەریەک لە مانگەکانی شوبات و ئازاریشی بە شێوەى لێبڕینى ٢١% دابەشکردووە.