سەردێڕ:

لە فینلەندا سەگی کۆرۆنا بەکاردەهێندرێت

فۆتۆ: 
2020-09-23

6339 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە وڵاتی فینلەندا، لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکاندا سەگی کۆرۆنا بۆ ناسینەوەی توشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

میدیاکانی فینلەندا بڵاویانکردەوە، لە یەکێک لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیاندا سەگی کۆرۆنا بۆ ناسینەوەی توشبووانی کۆرۆنا تاقیکراوەتەوە و تاقیکردنەوەکەشیان سەرکەوتوو بووە، کە ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدا دێت لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، تاقیکردنەوەکە بەوە جیادەکرێتەوە، کە بەخێراییەکی زۆر و زووتر لە پشکنینی تاقیگەیی ئەنجامدەدات بەدەستەوە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا سەگەکان دەست بە کارەکانیان بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، فینلەندا تاکە وڵات نییە توێژینەوە و راهێنانی لەسەر سەگ کردبێت بۆ هاوکاریکردنی کەرتی تەندروستی و ناسینەوەی توشبووان، لە ماوەی رابردوودا هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیمارات سەگی پۆلیسیان بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکارهێناوە.

لە جیهاندا سەگ بۆ زۆر مەبەستی ئەمنی و تەندروستی بەکاردەهێنرێت، لە وڵاتان سەگ یارمەتی هێزە ئەمنییەکان دەدات بۆمب و ماددەی هۆشبەر بدۆزنەوە، لەرووی تەندروستیشەوە زۆر کات سەگ یارمەتیدەر بووە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و شەکرەدا.