سەردێڕ:

وردەکاری کشانەوەی یەکگرتوو لە حکومەتی خۆجێیی دهۆک

فۆتۆ: 
2020-09-22

5413 جار خوێندراوەتەوە

پاش چەند ساڵێک پێکەوەکارکردن، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بڕیاریدا لە حکومەتى خۆجێى پارێزگاى دهۆک بکشێتەوە.

بەپێی رێکەوتنى نێوان پارتى و یەکگرتوو لە رۆژى ١٤ی تشرینى دووەمى ٢٠١٥،  یەکگرتوو لە حکومەتى خۆجێی دهۆکدا ٢٥ پۆستى پێدەدرا،  بەڵام رۆژى ٢١ی ئەیلولى ٢٠٢٠یش کە یەکگرتوو بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى هەردوولاى راگەیاند، ئەو حزبە تەنها ١٨ پۆستى لەو ٢٥ پۆستە وەرگرتووە.

لێپرسراوى مەڵبەندى زاخۆى یەکگرتوو هۆکارى کشانەوەکەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو فشارانەى کە پارتى لەسەر حزبەکەى داناوە سەبارەت بەواژۆکردنى ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتوو لەسەر داواکارییەک کە بڕیارە بەپێى ئەو داواى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى دارایى بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن.

پرساندنى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ٢٣ واژۆى پەرلەمانتارانى پێویستە، تا ئێستا فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ، کۆمەڵ، یەکگرتوو سەرجەم ئەندامەکانیان واژۆیان لەسەرى کردووەو و لە فراکسیۆنى گۆڕانیش دوو ژنە پەرلەمانتار واژۆیان کردووە، تەنها یەک واژۆ ماوە تا سەرۆکى حکومەت بهێندرێتە بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەى لەبارەى لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانەوە لێبکرێت، بەڵام بەبڕواى بەشێک لەچاودێران لەبەر ئەوەى پارتى زۆرینەى ناو پەرلەمانە و هەژموونى بەسەر دەستەى سەرۆکایەتیشدا هەیە، پێناچێت ئەو کارە بەو ئاسانییە بچێتە سەر.

ئەندامێکى خولی سێهەمى پەرلەمانى کوردستانیش لە فراکسیۆنى پارتى ئەوە دەخاتەڕوو، نابێت حزبەکان پێییەکیان لە دەسەڵات و پێیەکیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، دەڵێت ئەگەر حزبەکان ئەو شێوە رەفتارەیان چاک نەکەن ئەوە کارى پارتى و حکومەتە کە راستیانکاتەوە.

کشانەوەى یەکگرتوو لە حکومەتى خۆجێی دهۆک لە کاتێکدایە کە تا ئێستا ئەو حزبە و کۆمەڵى ئیسلامیش کە خۆیان لەبەرەى ئۆپۆزسیۆن هەژمار دەکەن لە حکومەتە خۆجێیەکانى سلێمانى و هەڵەبجەدا بەشدارن و چەندین پۆستیان هەیە، هەرچەندە داواکارى بەشێک لە ئەندام و لایەنگرانیان دەرچوونە لە تەواوى حکومەتە خۆجێیەکان، بەڵام هێشتا ئەو حزبانە نەچوونەتە ژێربارى کشانەوەى یەکجارى.