سەردێڕ:

"ئیسرائیل دەستی لە پشتیوانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هەڵگرتووە"

فۆتۆ: 
2020-09-22

37977 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراھیم ئەلزوبێدی نوسەری عەرەب وتارێکی نوسیوە و بە پشتبەستن بە شرۆڤەکارە ئیسرائیلیەکان باسی لەوەکردووە، کە بۆی روونبووەتەوە بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی) لێھاتوویی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان نییە و ئەوەش، بووەتە هۆکاری داڕشتنی سیاسەتێکی نوێ لەلایەن تەلئەبیبەوە و ئەو وڵاتە دەستی لە پشتیوانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی هەڵگرتووە.

ئیبراهیم ئەلزوبێدی وتارێکی بە ناونیشانی "کۆتایی سەرمایەگوزاری سیاسی ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستان"، بۆ پێگەی (عەرەب ئونلاین) نوسیوە کە بنکەی سەرەکی ئەو ناوەندە لە وڵاتی بەریتانیایە و تێیدا هاتووە، ئیسرائیل ئیتر پێویستی بە چۆلەکە بچووکەکانی سەر تاقە دارێک نییە، ھەر لەبەر ئەوەشە بڕیاریداوە دەستبەرداری کارتی گوشاری دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان ببێت، کە ساڵانە دەیویست وەک چیرۆکی"ئەسپی تەروادە" لەناو دڵی وڵاتانی ناوچەکەدا کەڵکی لێوەرگرێت.

دەشڵێت، "ئیسرائیل بەتایبەتی لەدوای ئەزموونی چەندین ساڵەی تاقیکردنەوە و ھەڵە دەرچوون، بۆی روونبووەتەوە بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی) نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو لە داھاتووشدا و بگرە دوای چەندین سەدەی تریش، شیاو و لێھاتوو و ھێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان نییە!"

باسی لەوەشکردووە، "کە ھەڵوێستی نوێی ئیسرائیل لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە، نە لەلایەن رۆژنامەنوسێکی عێراقییەوە نوسراوە و نە لەلایەن نوسەرێکی عەرەبەوە بەڵکو لەلایەن (یەھوود یەعرا)ی نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلیەوە نوسراوە، کە پەیوەندی زۆر نزیک و کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیاریدان لە ئیسرائیلدا بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە."

هەر لەبارەی ئەو شرۆڤەکارە ئیسرائیلیەوە، ئیبراهیم ئەلزوبێدی دەڵێت، کە ئیسرائیل لە پشتیوانی و یارمەتی ستراتیژییەکانی لە گەلی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بەدرێژایی چەند سەدەی رابردوو پەشیمان بووەتەوە و گرنگترین ھۆکاری ئەو پشتیوانیانە دەگەڕێنێتەوە بۆ یارمەتی سەربازی و لۆجستیی، ناردنی وەفدی راوێژکاری، تیمی پزشکی و پشتیوانی دیپلۆماسی و کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی قاچاخ و نھێنی لە بازاڕەکانی جیھاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ھۆکاری ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ شکستی سەرکردە کوردەکانی باشوور لە دەستھەڵنەگرتن لە ھەڵسوکەوتی چەوتی نەریتی باوی رابردوویان، لە بواری شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی ناوخۆی خۆیان و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ھاوپەیمانی لە دەرەوەی کوردەکان، مەبەست بوونە ھاوپەیمانی ئێران و تورکیا و ھەروەھا نووقمبوون لەناو گەندەڵیدایە.

ئەوەش هاتووە، ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو حیزبە خەریکی سڕینەوە و پاکتاوکردنی یەکترین. بەرپرس و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (یەکێتی و پارتی) بە ساڵانە خەریکی سوکایەتی و جنێودان و پەراوێزخستنی یەکترین و ئێستاش ئەو شەڕەیان گواستووەتەوە بۆ ناو راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دیارە یەکێتی و پارتی ئەوەیان پێ باشترە.

لەماوەی رابردوودا، یەهود یەعرا توێژەری ئیسرائیلی لە ماڵپەڕی کەناڵ ١٢ی وڵاتەکەی وتارێکی نوسی و تێیدا هاتبوو، کە بۆماوەى چەندین ساڵ پەیوەندى بەهێز و هاوڕێیەتى نزیکى لەگەڵ چەند سەرکردەیەکى کورددا هەبووە، خۆى وەک پشتیوانێکى دڵسۆزى خەباتى کورد بینیوە، بەڵام ئێستا واقیعەکە دەبینێت کە خۆیان بەدەستى خۆیان رێگر بوون لە بەدەستهێنانى ئەو دەرفەتەى هەیان بوو.