سەردێڕ:

لە هەولێر شەش کەس دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچێکی ١٠ ساڵان

فۆتۆ: 
2020-09-22

32290 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا پێنج تۆمەتبارەکەی هەولێر کە دەستدرێژییان کردبووە سەر کچێكی حەوت ساڵ سزانەدران و لە رووداوێکی هاوشێوەدا شەش کەس لە سنوری هەولێر دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ.

رووداوەکە لە گوندێکی سنوری هەولێر روویداوە و تۆمەتبارانیش کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر منداڵە ١٠ ساڵانەکە، مێردی خوشکیی و ئامۆزایەکی دایکی و کوڕە پوورەکانی و کەسێکی دانیشتووی گوندەکەیانە.

باوکی کچەکە کە ئازاری رووداوەکە هەژاندوویەتی، سکاڵای یاسایی لەسەر هەر شەش تۆمەتبارەکە تۆمارکردووە و بڕیاریشیداوە بەهیچ شێوەیەک لە بکەرانەی ئەو تاوانە خۆشنەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ژمارەیەک لە تۆمەتباران دەستگیرکراون و بەشەکەی تریشیان کەفیلەکانیان دەستگیرکراون.

دەستدرێژی کردنەسەر ئەو کچە ١٠ ساڵانەی هەولێر لەلایەن شەش کەسەوە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو لەلایەن پێنج کەسەوە دەستدرێژی کرایە سەر منداڵێکی حەوت ساڵ و دوای ئەوەی تۆمەتبارانیان زیندانی کران، دواتر ئازادکران و لە ژێر هەڕەشەشدا خێزانی ئەو کچە حەوت ساڵە هەولێریان بەجێهێشت و تائێستاش تاوانباران سزانەدران.

گۆران دیبەگەیی پارێزەر وتی، "تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان، لە یاسای سزادانی عێراقی بە تاوانێکی قورس دانراوە"

بەشێک لە چاودێرانی کۆمەڵایەتی و یاسایی پێیانوایە ئەگەر بکەرانی رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵە حەوت ساڵەکە سزا بدرانایە ئەوا ئەگەری زۆربوو ئەم رووداوە دووبارە نەبوایەتەوە و منداڵێکی دیکە نەبوایە بە قوربانی.