سەردێڕ:

دادگای تورکیا لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیاریدا

فۆتۆ: 
2020-09-22

42253 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە دادگای تورکیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئەنجامدا، لەبری ئازادکردنیشیان بڕیاریدا، کە ماوەی راگرتنیان درێژبکاتەوە.

لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە پاساوی ئەوەی لە کاتی رووداوەکانی کۆبانی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٩دا سکاڵا تۆمار کرابوو، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو سکاڵایە دەستیپێکرد، لەو بارەیەوە لە ١٨ی ئەیلولی ئەمساڵدا لە لقی دووی دادگای سوڵحی ئەنقەرەدا دەستکرابوو بە لێکۆڵینەوە و پارێزەرەکان لەو لێکۆڵینەوەیە ئاگادار کرابوونەوە.

لەوەند کانات، پارێزەری ناوبراوان رایگەیاند، ئەوان نەیانتوانیوە وردەکاری سکاڵاکە و لێکۆڵینەوەکە ببینن و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی داواکاری گشتی داوای سزای قورسی نەکردبوو، لەبەرئەوەی رووداوەکە تۆمارنەکرابوو تاوەکو ببێتە بابەتی دادگاییکردن و ئینجا بیکەنە بانگەشە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، هەموو ئەوەی ناونراوە لێکۆڵینەوە پێچەوانەی هەموو یاسا و مافەکانە."

کانات راشیگەیاند، ئەو لێکۆڵینەوەیە تەنها بۆ ئەوەیە، کە رێگریی لە ئازادکردنی دەمیرتاش بکرێت.

ئەگەرچی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦وە و فیگەن یوکسەکداغ لە ئازاری ٢٠١٧وە زیندانیکراون، بەڵام جارێکی دیکە دادگای تورکیا بڕیاری "با دۆخی راگرتنیان بەردەوام بێت"ی بۆیان دەرکرد.

سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە ساڵی ٢٠١٤ وەکو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەڵبژێردران و لە پێش تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەیانەوە، هەردووکیان دەستبەسەرکراون.