سەردێڕ:

روسیا: روبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان سوریا و ئۆپۆزسیۆن کۆتایهاتووە

فۆتۆ: 
2020-09-22

2181 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بە کۆتایهاتنی روبەڕوبوونەوەی سەربازی لە نێوان سوپای سوریا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە کرد و دەشڵێت، تەنها دوو بابەتی گەرم ماون لە سوریادا، کە ئیدلب و رۆژهەڵاتی فوڕاتن.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیەدا رایگەیاند، "لەم دواییانە لە سەردانێکم لە دیمەشق گەڕامەوە لەگەڵ یوری بۆریسۆڤ جێگری سەرۆکی حکومەتی روسیا، کە گفتوگۆکانمان دەربارەی هاریکاری ئابوری بوون، بەڵام من لەگەڵ هاوکارانم دۆخە سیاسیەکانمان تاوتوێکرد."

راشیگەیاند، "ئەوانەی لەگەڵ سەرۆک بەشار ئەسەد و بەرپرسەکانی تر گفتوگۆیانکردبێت ئەوەیان لا دروسبووە کە حکومەتی سوریا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەنا نابەتە بەر چەک، بەڵکو روبەڕوبوونەوەی سەربازی لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن کۆتاییهاتووە."

جەختی لەوەشکردەوە، کە لە سوریادا دوو خاڵی گرنگ و گەرم ماون ئەوانیش ئیدلب و رۆژهەڵاتی فوڕاتە.

دەشڵێت، "رۆژهەڵاتی فوڕات سەربازی نا یاسایی ئەمریکی لێیە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا."

باسی لەوەشکرد، "ئەمریکیەکان ناوچەکەیان رادەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە و ئێستا خەریکی دەرهێنانی نەوتن بۆ مەبەستە تایبەتەکانیان و هیچ رێزێک لە سەروەری سوریا و یەکپارچەیی خاکەکەی ناگرن."

پاش دەساڵ لەبەرپابوونی جەنگ لە سوریا، لە ئێستادا بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە لەژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان رێکەوتنی ئابوری لەگەڵیاندا واژۆکرد لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا، ئەم هەنگاوەش هەریەک لە حکومەتی سوریا و تورکیا و روسیای نیگەرانکردووە.