سەردێڕ:

ئەمریکا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

فۆتۆ: 
2020-09-21

4695 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا سەپاندنی سزا نوێیەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند، کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئەوکەسانەی رۆڵیان هەیە تێیدا و بەرنامە سەربازییەکانی بە ئامانجگرتووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و رۆبێرت ئۆوبراین راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و وێڵبەر رۆس وەزیری بازرگانی و ستیڤن مونچین وەزیری گەنجینە و مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا سەپاندنی سزا نوێیەکانی ئەمریکایان بۆ سەر ئێران ئاشکراکرد، تیایدا پۆمپیۆ رایگەیاند، "سزاکان وەزارەتی بەرگری ئێران و دوو کەس لەوانەی رۆڵی سەرەکیان هەبووە لە چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگرێتەوە."

ئۆوبراین ئاماژەی بەوەکرد، سەپاندنی سزا نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سنوردارکردنی ناردەنییەکانی ئێران و ٢٧ لایەن و کەس دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە چەکی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، رۆس وەزیری بازرگانی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی سزاکان پێنج زانای گەورەی ئێرانی دەگرێتەوە کە لە لیستی سزادراوەکاندان.

منوچینی وەزیری گەنجینەش رایگەیاند، "زۆرینەی ئەوانەی سزاکان دەیانگرێتەوە پەیوەندییان بە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە."

مایک ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمریکاش رایگەیاند، "وڵاتەکەی ئامادەیە بەرپەرچی هەر دەستدرێژییەکی ئێران لە داهاتوودا بداتەوە."

دەشڵێت، "ئێران لە رێگەی ناردنی چەکی قەغەکراوەوە بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکان لە یەمەن بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە."

هاوکات، سەپاندنی سزا نوێێەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی فەنزوێلاشی گرتووەتەوە، چونکە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

لە مانگی تشرینی یەکەم رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەوروپا و چین و روسیا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی پێدێت، کە تییایدا کڕین و فرۆشتنی چەکی بە ئێران قدەغەکردبوو، لە ٢٠١٥ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتننامەکە کشایەوە و لە ٢٢ی ئابی ئەمساڵ ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیازی درێژکردنەوەی یاساکەیدا، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەوتوونەبوو، هەربۆیە ئیدارەی ئەمریکا بە گەڕانەوە بۆ یاسای سناپباک جارێکی تر سزاکانی سەر ئێرانی نوێکردەوە و لەم مانگەدا خستییە بواری جێبەجێکردنەوە.