سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: حکومەت بەنیازە ئەمساڵ تەنها دوو موچەى تر بە لێبڕینەوە دابەشدەکات

فۆتۆ: 
2020-09-21

11652 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان حکومەتی هەرێم بەنیازە لەمساڵدا تەنها دوو موچە بە لێبڕینەوە دابەشبکات و لەساڵی نوێش لێبڕینەکە بە یاسا جێگیر دەکات، کە بەناوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بەقەد ئەو %٢١زیاتریش دەرماڵەکان دەبڕێت.

کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ دەستپێکی وەرزی پایزە، لە عێراقی حەبیب دەست دەکرێت بە دابەشکردنی موچەی مانگی نۆ، کەچی لە هەرێمی کوردستان هێشتا بەهارە و موچەخۆرانیش چاوەڕوانی وەرگرتنی معاشی مانگی چوار دەکەن بەلێبڕینەوە."

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەپێی بەدواداچوونەکانمان حکومەتی هەرێم بەنیازە لەمساڵدا تەنها دوو موچە بە لێبڕینەوە دابەشبکات ئەگەر بۆی بچێتەسەر، لە ساڵی نوێش لێبڕینەکە بە یاسا جێگیر دەکات، بەناوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بەقەد ئەو %٢١زیاتریش دەرماڵەکان دەبڕێت و جێگیری دەکات."

کاوە عەبدولقادر دەشڵێت، "ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنها بە داهاتی نەوت و ناوخۆ و گومرگەکان حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبکات بەبێ ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا، بەڵام ئەمە ناکات چونکە بۆی دەچێت سەر و ترسی لە ناڕەزای خەڵک نییە و زۆرینەی پەرلەمانیشی لەگەڵە کە پێکهاتوون لە فراکسیۆنە بەشداربووەکانی پێکهێنەری حکومەت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر لەبەر ئەوەشە زیاتر لە هەفتەیەکە ئێمەی فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکان ٢٢ ئیمزامان کۆکردووەتەوە بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارای لەسەر لێبڕینی %٢١ی موچە، تەنها پێویستمان بەیەک ئیمزای پەرلەمانتارێکی ترە بۆئەوەی رێژەی یاسایی تەواو بێت، کەچی یەک ئەندام پەرلەمانی حزبەکانی ناو حکومەت ئامادە نین واژۆ بکەن."

باسی لەوەشکردووە، "ئێمە لە ئاست ئەو پێشێلکاریە نایاساییانەی حکومەت بێدەنگ نابین و پێویستە پەرلەمانی کوردستانیش بەجدی کار لەسەر ئەو بابەتە بکات و حکومەت بانگهێشت بکات، دەبێت بەزووترین کات دەستبکرێت بە دابەشکردنی موچەی بەهارەی فەرمانبەران ئەگەرنا بوون و نەبوونی وەک یەک وایە."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، مانگێک بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمدا تێپەڕیوە و سەرەڕای ئەوەی فەرمانبەران لە مانگی ئەیلولدان و هێشتا موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، هێشتا هیچ دەنگۆیەکیش نییە کە باس لەوە بکات حکومەت داوای ئامادەکردنی لیستی موچەی فەرمانگەکانی بۆ موچەی مانگی نیسان کردبێت.