سەردێڕ:

عێراق هاوردەکردنی ٢٩ بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی قەدەغەدەکات

فۆتۆ: 
2020-09-21

6064 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لیستی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵیانەی بڵاوکردەوە کە هاوردەکردنیانی لەدەرەوەی وڵاتەوە قەدەغەکردووە، چونکە بەرهەمی ناوخۆ دابینیاندەکات، ئێرانیش دەڵێت، "قەدەغەکردنی ئەو بەرهەمانە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لیستی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵیانەی بڵاوکردەوە کە هاوردەکردنیانی قەدەغەکردووە کە بریتین لە، خەیار، باینجان، قەرنابیت، گێزەر، پەتاتە، کەلەرم، سیر، بیبەر، تەماتە و شێلم و هەنگوین و  چەند بەرهەمێکی تر و بەرهەمە ئاژەڵییەکانیش بریتین لە، هێلکە، مریشکی زیندوو، مریشکی سەربڕاو، ماسی دەریای و ماسی بەستوو.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راشیگەیاند، "بە پشتبەستن بە بڕیاری لیژنەی کاروباری ئابوری، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەمان دەرکردووە کە لە رۆژنامەی کشتوکاڵدا بڵاوکراوەتەوە و ئەو بەرهەمانەی دەستنیشانکردووە و لە هەموو دەروازەکانەوە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکرێن."

لەو بارەیەشەوە، حەمید حوسەینی ئەندامی لیژنەی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران - عێراق رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بەرێژەی ٪٢٢ بۆ بازاڕەکانی عێراق و قەدەغەکردنی هاوردەی ئەو بەرهەمانەش هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."

لەماوەی رابردوودا، عێراق بریاری قەدەغەکردنی ٢٩ جۆر بەروبومی کشتوکاڵی لە ئێرانەوە دا، کە هەریەکە لە خورما، گەنم، تەماتە، پەتاتە، شوتی، ماسی، هێلکە، مریشک، هەنگوین و چەندین جۆر سەوزە و میوە و دانەوێڵە لەنێو لیستی ئەو بەروبومانەدان کە عێراق رێگە بە هاوردەکردنیان نادات.