سەردێڕ:

٢١ی سێپتەمبەر ڕۆژی جیهانیی ئاشتییە

فۆتۆ: 
2020-09-21

1487 جار خوێندراوەتەوە

هيچ رێگايەک نييە بۆ ئاشتی بەڵکو ئاشتی خۆی رێگايە. ئەمە وتەی مەهاتما غاندی، رێبەری هیندییەکانە لەسەر ئاشتی.

رێکخراوی نەتەوەيەکگرتووەکان ٢١ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جيهانی ئاشتی دياريکردووە، بۆ يەکەمجار لە ساڵی ١٩٨١ ئەم يادە کراوەتەوە، لە ئێستاشدا لەلايەن زۆرێک لە نەتەوە و گروپە سياسی و سەربازييەکانەوە ياد دەکرێتەوە.

 لە ساڵی ٢٠٠١ەوە نەتەوە يەکگرتووەکان بانگەشەی "نا بۆ توندوتيژی و ئاگربەست"ی لەم رۆژەدا راگەياندووە، کۆمەڵگەی نیودەوڵەتيش هانی وڵاتان دەدات يادی رۆژەکە بە دروشمی "٢٤ کاتژمێر بەبێ توندوتيژی بکەنەوە"، لەم چوارچێوەيەشدا هیندستان بە ميراتگری ئاشتی دادەنرێت.

وڵاتان و کەلتورە جياوازەکان سيمبولی جياوازيان هەيە بۆ ئاشتی، بەڵام بە گشتی لە زۆرێک لە وڵاتانی جيهاندا کۆتری سپی ياخود گەڵای زەيتون وەک سيمبولی ئاشتی بەکاردەهێنرێت.

بابزانين کۆتری سپی لە چیيەوە بووەتە هێمای ئاشتی؟

بۆ يەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٩ وێنەی "کۆتری ئاشتی" وێنەکێشی بەناوبانگی ئيسپانی پابلۆ بيکاسۆ لە کۆنفڕانسی ئاشتی لە پاريس هەڵبژێردرا وەک هێمای ئاشتی.

چيرۆکی وێنەکەش ئەوە بووە، کە کۆترێکی سپی لە لايەن يەکێک لە هاوڕێ نزيکەکانی پابلۆ بيکاسۆوە پێشکەشی کراوە و ئەويش وێنەی کێشاوە، دواتر پابلۆ وێنەکەی سادەتر کردووە و وردەکاری زياتری تێدا کێشاوە، لە ئێستاشدا ئەو شاکارە هونەرييە بووەتە ديارترين رەمزی ئاشتی لە جيهاندا.

هەر سەبارەت بە رۆژەكە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باس لەوە دەكات، ئاشتی تەنها بۆ ئەو وڵاتانە گرنگ نییە كە بەدەست جەنگ و كێشە و ململانێ سیاسی و سەربازییەكانەوە دەناڵێنن، بەڵكو بۆ ئەو وڵاتانەش گرنگە كە دۆخیان جێگیرە، ئەوەش بۆ ئەوەی ژیانی تاكەكانیان خۆشتربێت و روبەڕوی كێشە و گرفت نەبنەوە، ئەو دۆخەش پێویستی بەكاركردنی بەردەوامی سەرجەم لایەنەكە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئاشتی و مەترسییەكانی جەنگەوە  بڵاوبكرێتەوە.