سەردێڕ:

خالید شوانی: تاوەکو ئێستا پارەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە سەر ھەژماری ھەرێم

فۆتۆ: 
2020-09-21

52417 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، هەتاوەکو ئێستا ٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم، لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش دەڵێت، " پارێزگاری سه‌پێنراوی كه‌ركوك ئاسانكاری بۆ داگیركردنی زه‌وییه‌كانی كورد ده‌كات."

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێم لە وەڵامی پرسیاری محەمەدی عامری پەیامنێری ئێن ئاڕ تیدا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا و ئەو پابەندییەش هەتاوەکو یاسای موازەنەی ٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت، کە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق."

باسی لەوەشكرد، "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە حکومەتی عێراق دژ بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بێت، بەڵام هەتاوەکو ئێستاش ئەو پارەیە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێم."

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیدا لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، "لەبارەی مەلەفی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک دەستێکی باڵا دەبینێت لە تەعریبکردنی ئەو زەویانە و هێنانەوەی عەرەبی هاوردە بۆسەر ئەو زەویانە و کارئاسانیان بۆدەکات."

ئەوەشی خستەڕوو، "لەناو دادگای کەرکوکدا چەند دادوەرێک هەن کە پاڵپشتی بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک دەکەن و یارمەتی دەدەن و بڕیار لە بەرژەوەندی ئەو دەدەن."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، مانگێک بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمدا تێپەڕیوە و سەرەڕای ئەوەی فەرمانبەران لە مانگی ئەیلولدان و هێشتا موچەی مانی نیسانی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، هێشتا هیچ دەنگۆیەکیش نییە کە باس لەوە بکات حکومەت داوای ئامادەکردنی لیستی موچەی فەرمانگەکانی بۆ موچەی مانگی نیسان کردبێت.