سەردێڕ:

عێراق لەبارەی کڕینی ڤاکسینەکەی چینەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-09-21

4254 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەیان نزیکە لە کڕینى ڤاکسینى دژە کۆرۆناى چینى و دەشڵێت، "بەشى یەکەمى ئەو ڤاکسینە بەشى هەشت ملیۆن هاوڵاتى دەکات."

غایب عەمیرى ئەندامى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، عێراق لە یەکەمین ئەو وڵاتانە دەبێت بۆ هاوردەکردنى ڤاکسینە چینییەکە و چاوەڕێی پەسەندکردنى فەرمی ڤاکسینەکەن لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە.

باسى لەوەشکردووە، عێراق مامەڵە لەگەڵ چەندین کۆمپانیاى جیهانى و وڵاتانی بەرهەمهێنەرى ڤاکسین دەکات لەوانەش چین و روسیا.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەشى یەکەمى ڤاکسینەکە بەشى ٢٠%ی دانیشتوانى عێراق دەکات، کە دەکاتە هەشت ملیۆن کەس و مافى لە پێشینەش بۆ کارمەندانى تەندروستى و هێزە ئەمنییەکان و نەخۆشەکان و ئەو کەسانەى تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ یان زیاترە دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەندین وڵات لە هەوڵى بەرهەمهێنانى ڤاکسینى دژە کۆرۆنان و هەندێکیان لە قۆناغەکانى کۆتاییدان، بەڵام تا ئێستا هیچیان لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە پەسەند نەکراون، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین وڵات گرێبەستیان بۆ دایبنکردنى ئەو ڤاکسینانە لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکاندا کردووە.