سەردێڕ:

سێ چەکداری داعش لە موسڵ و بەرپرسێکیش لە بەغدا دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2020-09-21

691 جار خوێندراوەتەوە

هێزە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، بەرپرسێکی چەکدارانی داعشیان لە بەغدا و سێ چەکداریشیان لە موسڵ دەستگیرکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا بەرپرسێکی باڵای داعش دەستگیرکراوە و دەشڵێت، ئەو بەرپرسە پلانی بۆ هێرشکردنە سەر زیارەتکاران لە عاشورادا داناوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو چەکدارەی داعش لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە لە هێرشەکانی پارێزگای کەرکوکدا بەشداربووە.

هەر ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای موسڵ دەستگیکردنی سێ چەکداری داعشیان راگەیاند.

هێزە ئەمنییەکان باسیان لەوەشکردووە، یەکێک لەو چەکدارانە دانی بەوەدا ناوە لە زۆربەی شەڕەکان دژی هێزە عێراقییەکان بەشداری کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە چەکدارانی داعش جموجۆڵەکانیان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا چڕکردووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوام ئۆپراسیۆنی ئەمنی جیاجیا بە مەبەستی دەستگیرکردن و راوەدونانی ئەو چەکدارانە و کەسانی گومانلێکراو ئەنجامدەدەن، لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنە ئەمنییانەوە توانراوە ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش دەستگیر بکەن.