سەردێڕ:

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: ئەگەر داهات لای حزب نەبێت بەشی هەموو شتێک دەکات

فۆتۆ: 
2020-09-21

4347 جار خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود رایگەیاند، حه‌قه‌ ئه‌گه‌ر له ‌گوندێكیشدا بێت‌ كارتی ڕیفراندۆم به‌كاربهێنن و ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نن، دەشڵێت، ئه‌گه‌ر ئێستا داهاتی هه‌رێمی كوردستان كۆبكه‌نه‌وه‌ و له ‌ده‌ستی حزب نه‌مێنێت، ئەوا به‌شی موچه‌ی خه‌ڵک و خزمه‌تگوزاری و به‌شی هه‌موو شتێك ده‌كات.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سکرتێری حزبی سۆپسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باسی بڕیاری ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت، ئه‌و رۆژه ‌بووه‌ به‌ تاپۆیه‌كی ره‌ش و له‌ باخه‌ڵی هه‌موو كوردێكدایه.

باسی لەوەشکردووە، ریفراندۆم ته‌نها به ‌حزبێك نه‌كراوه‌، بەڵام مه‌سعود بارزانی بۆخۆی سه‌رۆكی هه‌رێم بووه‌، به‌و حوكمه‌ كارێكی گرنگی كرد و بارزانی کارێکی کردووە له‌ مێژوودا نه‌كراوه‌ و‌ توانی به‌رگری ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی كه‌ له ‌دنیا كرا بكات و بڕیاری ریفراندۆم جێبه‌جێبكات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر دەسەڵاتی هەبوایە سێ کارتی دژی بەغدا بەکاردەهێنا، لەوانە گرتنەوەی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و کشانەوە لە حکومەتی عێراق و دەرکردنی ئاوارەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول، سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام بەو هۆیەوە هێزە عێراقییەکان گەڕانەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان و لە ٥١٪ی خاکی هەرێمی کوردستان لەدەستدرا.