سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی لە راپۆرتێکدا جیاوازیی لە دانپێدانانی تۆمەتباری کوشتنی خێزانە کوردەکەی بەغدا بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-09-21

63340 جار خوێندراوەتەوە

لە بەدواداچونێکى وردى رۆژنامەنوسیى ئێن ئاڕ تیدا چەند جیاوازییەک لە دانپێدانانەکانى تۆمەتبارى کوشتنى خێزانە کوردەکەى بەغدا لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان و بەغدا بەڕوونى دەردەکەوێت.

چەند کاتژمێرێک دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى کوشتنى سێ ئەندامى خێزانێکى کورد لە بەغدا، ئێوارەى رۆژى ١٦ى ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان هەواڵى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارەیان راگەیاند، دواتریش ڤیدیۆیى دانپێدانى تۆمەتبارەکەیان بڵاوکردەوە.

جیاوازى یەکەم، لە دانپێدانانى یەکەمدا کە دەزگا ئەمنییەکانى هەرێم بڵاویانکردووەتەوە تۆمەتبارەکە دەڵێت، ئەو پێویستى بە پارەبووە و بۆیە چووە بۆ لاى باوکى شیلان و لە شوقەکەى پێکەوە دانیشتون، داوای برێک پارەی لێکردووە، بەڵام باوکى شیلان ئامادەنەبووە پارەکە بدات و وتوویەتى، ئەو برە پارەیەى نیە بۆیە دەمەقاڵێ دروستبووە، بۆیە بە چەقۆ باوکى شیلانى کوشتووە و دواتریش هاوسەرەکەى کوشتووە.

کەچى لە دانپێدانانى دووەمدا کە ڤیدیۆکەى هێزە ئەمنییەکانى عێراق بڵاویانکردووەتەوە تۆمەتبارەکە دەڵێت، یەکەمجار دایکى شیلانى کوشتووە و دواتریش باوکى شیلانى کوشتووە.

جیاوازى دووەم، لە دانپێدانانى یەکەمدا دەڵێت، پاش کوشتنى شیلان و پاککردنەوەى شوێنى تاوانەکە بۆ پارەکان گەڕاوە.

بەڵام لە دانپێدانى دووەمدا دەڵێت، پاش دۆزینەوەى پارەکان، شیلانى کچى خانەوادەکە گەڕاوەتەوە و ئەویش کوشتوویەتى.

جیاوازى سێیەم، لە یەکەم ڤیدیۆدا تۆمەتبارەکە دەڵێت، گوژمە پارەیەکی دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیزانیووە بڕەکەى چەند بووە و دەڵێت، نزیکەی ١٠ هەزار دۆلارێک یان زیاتر بووە و هەندێک پارەی عێراقیش لەناو پارەکاندا هەبووە.

کەچى لە دانپێدانانى دووەمدا بەوردتر باس لەو بڕە پارەیە دەکات، کە لەناو ماڵەکەدا گەراوەو دواتر بردوویەتى.

جگە لەو جیاوازییانەش، لە دانپێدانى یەکەمدا تۆمەتبارەکە شڵەژانى زیاترى پێوە دیاربووە، بەڵام لە دانپێدانى دووەمدا تۆمەتبارەکە بەراورد بە یەکەمجار بەشێوەیەکى ئاسایی تر  قسەیکردووە و باسى لە رووداوەکە کردووە، بەشێک لە شارەزایانى دەرونناسیش ئەوە بە حاڵەتێکى نائاسایی دەزانن و بەشێکیشیان بە ئاسایی ناوى دەبەن.