سەردێڕ:

دادگا لەبارەی دوو تۆمەتباری دۆسیەی دزینی دەرمان و کەلوپەلی نەخۆشخانەی کەلارەوە بڕیاریدا

فۆتۆ: 
2020-09-20

4581 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بە تۆمەتی دزینی دەرمان و کەلوپەل لە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی کەلار، دوو کارمەندی نەخۆشخانەکە بە سزای شەش ساڵ زیندانی سزادران.

گەرمیان حەمەی پور پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کەلار رایگەیاند، بە تۆمەتی دزینی دەرمان و کەلوپەل لە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی کەلار و فرۆشتنەوەی بە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی، دوو کارمەندی نەخۆشخانەکە بە سزای شەش ساڵ زیندانی سزادران و ئەو کارمەندانەی دیکەشی بە تۆمەتی دزییەکە دەستگیرکرابوون، هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

باسی لەوەشکرد، ئەم بڕیارەی دادگا دوای چەند دانیشتنێک بووە و دەشڵێت، پۆلیس لەبارەی ئەم دۆسییەیەوە ئامادە نییە زانیاری و لێدوان بدات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ١٢ی شوباتی ئەمساڵدا، عەلى جەمال قدورى وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو، "دادگاى گەرمیان بەهۆى دزینى چەندین کەرەستەى تەندروستى لە نەخۆشخانەى کەلار ٣٠ کەسى بانگهێشتى بەردەم دادوەر کردووە، لەوانەش ١٥ کەس سزادراون کە لەناویان پزیشک و یاریدەدەرى پزیشک و کارمەند و کارگوزارى نەخۆشخانەکە بوونیان هەیە."

هاوکات، دوابەدوای رووداوەکەش، ئێن ئاڕ تی راپۆرتێکی وردەکاریی لەبارەی رووداوەکە و دەستگیرکردنی پزیشک و کارمەندەکانی لە رووداوەکەدا تێوەگلابوون بڵاوکردەوە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا روویدابوو.

لەبارەی رووداوەکەشەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەدەکردبوو، به‌تايبه‌تكردنى كه‌رتى ته‌ندروستیی و لاوازیی خزمه‌تگوزاریی له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومييه‌كاندا‌ هۆكارێكى ئه‌مجۆره‌ رووداوانەیە.