سەردێڕ:

تەندروستی دهۆک لەبارەی دەرمانێکی کۆرۆناوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-09-20

8928 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستی دهۆک رایگەیاند، بەپێی پرۆتۆکۆڵی جیهانی دەرمان بە توشبووانی کۆرۆنا دەدەن و ئەو دەنگۆیەشی کە باس لەوە دەکات دەرمانی دێکسامێسازۆن بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی گیانلەدەستدان، دوورە لە راستییەوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان هیچ دەرمانێک لە دەرەوەی پرۆتۆکۆڵی جیهانی بەکارناهێنن. دەشڵێت، "دەرمانی دێکسامێسازۆن لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە رێپدراوە بەکاربهێنرێت بۆ ئەو توشبووانەی لە دۆخێکی خراپدان."

لەلایەکی دیکەوە، هیشام یوسف، پزیشکی شارەزا لە سیستمی بەرگری لەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کە هێشتا دەرمانی دێکسامێسازۆن لەلایەن تەندروستی جیهانییەوە بە فەڕمی پەسەند نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە زانستییەکان دەکرێت بۆ ئەو توشبووانەی لە دۆخێکی خراپدان بەکاربهێنرێت."

دەشڵێت، دەرمانەکە دەبێت لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدا و بە سەرپەرشتی کەسانی پسپۆری بوارەکە بەکاربهێنرێت، ئەگینا مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

تەندروستی دهۆک لە کۆتایی راگەیەنراوەکەیدا هاوڵاتیانی پارێزگاکە دڵنیادەکاتەوە، کە رێژەی گیانلەدەستدان لە ناوچەکەیدا تەنیا 1.7%ە، لەکاتێکدا بەپێی تەندروستی جیهانی 3%ی توشبووانە.